FBI هەڵدەكوتێتە سەر ماڵی ترەمپ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، لە بەیاننامەیەكدا نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی (FBI) بەوە تۆمەتبار كرد كە لەناكاو هەڵیانكوتاوەتە سەر یەكێك لە ماڵەكانی لە ویلایەتی فلۆریدا و تۆمەتباری كردن بەوەی قاسەكەشیان شكاندووە. هاوكات باسی لەوە كردووە كە هیچ سەرۆكێك لە مێژووی ئەمریكادا پاش كۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی، ئەمەی بەرامبەر نەكراوە. بانگەشەی ئەوەشی كرد كە هەڵكوتانە سەر ماڵەكەی، هەوڵێكە بۆ ئەوەی نەتوانێت لە هەڵبژاردنی 2024 خۆی هەڵبژێرێتەوە و بەڵگەشی بە ئەنجامی راپرسییەكانی ئەم دواییە هێناوەتەوە. هەر لەمبارەیەوە تۆڕی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریكی بڵاوی كردۆتەوە، ئێف بی ئای هەڵیكوتاوەتە سەر كۆمەڵگەی (مار ئێ لاگۆ)ی بازرگانی لە فلۆریدا كە ترەمپ خاوەندارێتی دەكات، ئەویش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی فەرمانی دادگا بۆ پشكنین وەك بەشێك لە لێكۆڵینەوەكانیان، ”بە تایبەتیش لە گەڕان بەدوای بەڵگەنامەی نهێنی ئەگەر لە كۆشكی سپییەوە بردرابێت“. دۆناڵد ترەمپ جەختی كردۆتەوە كە هەڵكوتانە سەر ماڵەكەی، هیچی لەبارەوە رانەگەیەندراوە و ”زەرووری و گونجاویش نەبوو“. ئەمە لە كاتێكدایە كە هێشتا دۆناڵد ترەمپ كەیسە یاساییەكانی لە دادگا كۆتاییان پێ نەهێندراوە كە ئەوانیش تۆمەتی هاندانی لایەنگرانی بۆ دەست بەسەرداگرتنی كۆنگرێسی ئەمریكا و كاركردنیەتی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا.