زانیاریی نوێ له‌باره‌ی بەشەخۆراكی مانگانە و هەواڵێكی خۆشیش رادەگه‌یه‌ندرێ

 بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی، وردەكاریی گەیشتنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان دەخاتە ڕوو، ئاشكراشی دەكات تا كۆتایی ئەمساڵ، چەند بەشەخۆراكێكی دیكەش دابەش دەكرێت. نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەمساڵ تا ئێستا شەش بەشەخۆراكی مانگانە هاتووە، ئەو شەش بەشەخۆراكە بە جۆرێكە، كە لە بەشی چوارەم و پێنجەم هەندێك كەلوپەلی خۆراك نەهاتوون، ئەوانەی هاتوون دابەشمان كردوون”. ئاماژەی بەوەش دا: “بەشی شەشەم برنج و زەیت و شەكر هاتووە و لە هەندێك شوێن ئاوەتەماتەش هاتووە، بەڵام لە هەندێك شوێن هێشتا ئاوەتەماتەی مانگی پێنج نەهاتووە، هەروەها فاسۆلیای بەشی چوارەم نەهاتووە، رۆژانە بەشەجیاوازەكانی خۆراك دێن و ئێمەش دوای پشكنین، دابەشی سەر بریكارەكانی خۆراكیان دەكەین و دەدرێتە هاووڵاتییان”. نەوزاد شێخ كامیل هاووڵاتییانی دڵنیا كردەوە و گوتی: “هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە، هیچ خۆراك و بەشەخۆراكێك نافەوتێت و ئەوەی دێت دابەشی دەكەین، بەڵام هەندێك جار دوادەكەوێت، بۆ نموونە، لە شارێك مادەیەكی خۆراك دراوە، لە شارێكی دیكە نەدراوە، بەڵام لەكۆتاییدا هەر دێت و دابەشی دەكەین”. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی جەختیشی كردەوە: “چەند ساڵە تەنیا شەش بەشەخۆراك دابەش دەكرا، بەڵام ئەمساڵ زیاتر دەبێت و رەنگە تا كۆتایی ئەمساڵ، چەند بەشەخۆراكێكی دیكەیش دابەش بكەین”. بەرپرسەكەی وەزارەتی بازرگانی دووپاتی كردەوە: “ئەو مادانەی کە هاتوون، هەموویان پشکنینیان بۆ کراوە و لە ڕووی تەندروستییه‌وه‌ بۆ خواردن گونجاون و کوالێتییان زۆر باشە، بۆیە با هاووڵاتییان بچن وەریانبگرن”. بە گشتی، سەبەتەی خۆراک پێک هاتووە له شەکر، زەیت، دۆشاوی ته‌ماتە، فاسۆلیا، لەتکەنۆک، برنج و ئارد. زانیاریی نوێ له‌باره‌ی بەشەخۆراكی مانگانە و  هەواڵێكی خۆشیش رادەگه‌یه‌ندرێ