زاخۆ.. بە بڕی 40 ملیار دینار پرۆژە جێبەجێ دەكرێن

سه‌رپه‌رشتى ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایدەگەیەنێ، دەست بە جێبەجێكردنی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری كراوە و ئێستا بە بڕی زیاتر لە 25 ملیار دینار پرۆژەكان دەستیان پێ كراوە، ئەمە جگە لە پرۆژەكانی گەشەپێدانی ئیدارەی پارێزگاكان، كە ئەویش بە بڕی 15 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێن. گوهدار شێخۆ، سه‌رپه‌رشتى ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ (باسنیوز) رایگەیاند: “زۆربەی ئەو پرۆژانە راگەیاندراون و هەندێكیشیان بەرەو تەواوبوونن، لەو پرۆژە خزمەتگوزارییە گرنگانە، نزیكەی 100 كیلۆمه‌تر شەقامەكانی زاخۆ و پرۆژەی پردی دەلال و پرۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژیی گەشتیاری دەستیان پێ كراوە، خۆشبەختانە گوند و كۆمه‌ڵگا و ناحیە و قەزاكان بێبەش نەبوونە لەو پرۆژانە و تێكڕای شوێنەكان پرۆژەی خزمەتگوزارییان لێ جێبەجێ دەكرێ”. ئاشكراشی كرد: “لەداهاتوودا تێكڕای پرۆژەكان دەردەكەون، بەتایبەت پرۆژەكانی ئاو و كارەبا و پەروەردە و تەندروستی و گەشتوگوزار و شارەوانی، هەروەها گرنگییەكی زۆر بە دروستكردنی شەقامەكان كراوە و لە ماوەیەكی نزیكدا ئەنجامەكانی دەبینین”. سه‌رپه‌رشتى ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوتیشی: “زۆر گرنگیی بە زیادكردنی رێژەی سەوزایی زاخۆ دەدەین، بەتایبەتی دروستكردنی باخ و پاركەكان، نەخاسمە تەواوی پاركەكانی گەڕەكەكانی نیشتەجێبوون نۆژەن دەكرێنەوە و دووبارە دەخرێنەوە خزمەت هاووڵاتییان”.