لە گەڕەكی دەروازەی شاری كەركووك، لەلایەن قایمقامیەتی سەپێندراوی كەركووك و لەسەر فەرمانی پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك، هەڵمەتێكی دیكەی ڕووخاندنی خانووی هاووڵاتییانی كورد بەڕێوە چوو. فەلاح یایچیلی، قایمقامی سەپێندراوی ناوەندی كەركووك ڕایگەیاند، لە گەڕەكی دەروازەی شاری كەركووك و لەتەنیشت وێستگەی كارەبای ناوچەكە، هەڵمەتێكی ڕووخاندنی خانوو و هەیكەلیان دەست پێكرد، كە ئەو خانوو و هەیكەلانە بە زیادەڕۆیی دروست كراون. ڕاشیگەیاند، كە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان ئەو شوێنانەیان رووخاندووە و ڕێگە نادەن كەس خانوو بە زیادەڕۆیی دروست بكات. لەمبارەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 22ی 8ی 2022، ئەدهەم جومعە، چاودێری سیاسی لە كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “كێشە لەنێوان قایمقامی ناوەندی كەركووك، كە توركمانە و ئەنجومەنی عەرەبی لە كەركووك دروست بوو و پاشان بەیاننامەیان لەسەر یەك بڵاو كردەوە، زیاتر لەسەر ئەوەیە، كە قایمقامی ناوەندی كەركووك، لەنزیك ناوچەی سەیادە پێش بازگەی عەلوەكەی كەركووك بە سەدان پارچە زەوی فرۆشراوە و مەبەست لێی پارەیە و ئەو كێشەیە گەورە بوەوە، بەڵام كێشەكەیان چارەسەر نەكردووە و لەنێوان توركمان و عەرەبەكاندا ماوە، ئینجا لایەنی عەرەبی قایمقامەكەیان بە رووخاندنی خانووی هاووڵاتییانی عەرەب تومەتبار كرد”. گوتیشی: “ئەوەی پەیوەستە بە كوردەوە، هاووڵاتییانی كورد لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، خانوو لەسەر زەویی حكوومەت دروست ناكەن، لەولاشەوە قایمقامی ناوەندی كەركووك بە شۆفەڵەوە چووە هەندێ شوێنی لە گەڕەكی دەروازەی كەركووك رووخاندووە، ئەوەیان پەیامێكیش بوو بۆ ئەوەی بە عەربەكان بڵێ، ئەوە شوێنی زیادەڕۆیی ناوچە كوردییەكانیش دەڕووخێنین”. هاوكات ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە، هەڵمەتێكی گەورەی ڕووخاندنی خانووی هاووڵاتییان لە كەركووك دەستی پێكرد و لەولاشەوە عەرەبەكان دەستیان كردە بە دروستكردنی خانوو لەسەر زەویی زێدەڕۆ. لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كەركووك لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داگیر كرا و لەوكاتەوە تا ئێستا جگە لە خراپیی دۆخی ئەمنیی پارێزگاكە، ناوە ناوە ئیدارەی سەپێندراوی كەركووك، بەبیانووی نەبوونی تاپۆوە، خانووی هاووڵاتییانی كورد دەڕووخێنێ.
كەركووك.. هەڵمەتێكی دیكەی ڕووخاندنی خانووی هاووڵاتییان لە گەڕەكێكی كوردان دهستی پێكرد
