جێگرى پارێزگاری دهۆك رایدەگەیەنێ، كە دەست بە ئامادەكاریی كراوە، بۆ دروستكردنی شوقەی كرێچیان و چەند كۆبوونەوەیەكیش بۆ ئەم مەبەستە كراوە. شهمعون شلێمون، جێگرى پارێزگاری دهۆك بۆ (باسنیوز) رایگەیاند: “ئامادەكاری بۆ دابینكردنی زەوی لە دهۆك و قەزا و ناحییەكانی كراوە، بۆ دروستكردنی شوقەی كرێچییان، بەپێی بەرنامەی و پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە، دوو كۆبوونەوە بۆ دەستنیشانكردنی زەوی كراون و ئێستا كار دەكرێت بۆ تەرخانكردنی زەوییەكان و دروستكردنی شوقەكان”. وارشێن سهلمان، قایمقامی قهزای ئامێدی، لای خۆیەوە رایگەیاند: “كۆبوونەوەیەك سەبارەت بە دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كرێچی و كەمدەرامەت لە ئامێدی بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری ناحییەكان و بەڕێوەبەری شارەوانییەكان كراوە و لایەنە پەیوەندیدارەكان راسپێردراون، شوێنی دروستكردنی ئەو شوقانە لە سەنتەری قەزای ئامێدی و ناحییەكانی سەر بە ئامێدی، لەنزیك پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دابین بكەن”.
دهۆك.. ئامادەكاری بۆ دابینكردنی زەوی بۆ دروستكردنی شوقەی كرێچییان دەكرێت
