لە عێراق نۆ ملیۆن هاووڵاتی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین

ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاودێریی كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە حكوومەتی فیدراڵیی عێراق ئاشكرای كرد نۆ میلۆن هاووڵاتیی عێراقی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. زیكرا عەبدولڕەحیم بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاودێریی كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە میدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاند كە یەك ملیۆن و 400 هەزار خێزان مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی وەردەگرن، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئەوانەی شایستەن ئەو مووچەیە وەربگرن سێ ملیۆن خێزانن. هەروەها ڕای گەیاندووە كە 200 هەزار گەنج ئەوانەی كە دەتوانن كار بكەن، مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی وەردەگرن. ئەو بەرپرسە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، لە عێراقدا نۆ ملیۆن هاووڵاتی لە خوار هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەمەش لە كاتێكدایە بودجەی گشتیی ئەمساڵی عێراق بە 69.5 ملیار دۆلار مەزەندە كراوە، ئەگەر نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە 45 دۆلاری ئەمریكی بێت.