هەولێر.. ئەو کەسەی ئێوارەی ئەمڕۆ لە بازاڕ کەسێکی کوشت، خۆی رادەست پۆلیس کرد

ئەوکەسەی ئێوارەی ئەمڕۆ پیاوێکی لەنێو بازاڕی هەولێر کوشت خۆی رادەست کرد و پۆلیسیش زانیاریی لەمبارەیەوە دەخاتە روو. عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر بۆ (باسنیوز) رایگەیاند: ئەو کەسەی ئێوارەی ئەمڕۆ لە بازاڕ کەسێکی کوشت، خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد. پێشتر پۆلیسی هەولێر رایگەیاندبوو کە ئەمڕۆ شەممە 27/8/2022، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادار کرانەوە بەبوونی ڕووداوێکی کوشتن لە کۆڵانی ئارد فرۆشان پێش تەکییەی شێخ عبدالکریم، دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداو و دەرکەوت کەوا کەسێک بەناوی (نامیق جەوهەر عەوڵا)، تەمەن 51 ساڵ، پیشە خاوەن مۆلیدە لەگەڕەکی مامۆستاییانی نوێ کوژراوە”. ئاماژەشی بەوەدابوو کە بکەری تاوانەکە دوو کەس بوونە بەناوەکانی (س، ڕ) و (ڕ، ڕ) هۆکارەکەشی بۆ کێشەیەکی کۆمەڵاییەتی دەگەڕێتەوە کە کوژراو دەکاتە کوڕی ئامۆزای بکوژ.