وەزارەتی دادی ئەمەریکا پیلانێکی ئاشکرا کرد بۆ دامەزراندنی سەنتەرێکی ڕاهێنان بۆ ئەو کەسانەی خوازیارن لە ڕیزەکانی ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش لە ویلایەتی نیومەکسیکۆی باشووری ئەمریکا بجەنگن. ئەمڕۆ شەممە 27ى ئابی 2022، وەزارەتی دادی ئەمەریکی، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە كرد:”پیاوێک لە نیومەکسیکۆ تۆمەتبار کراوە بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی ڕاهێنان بۆ ئەو کەسانەی کە ئامادەن بۆ داعش بجەنگن”. بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، دەستەی سوێندخۆرانی فیدڕاڵی، لە 23ی ئابدا، هێرمان لیۆن ویلسۆنی تەمەن 45 ساڵی لە شاری ئەلباکراکی تۆمەتبار کردووە بە هەوڵدان بۆ دابینکردنی پاڵپشتیی ماددی بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە ڕێگای دامەزراندنی “ناوەندێک بۆ داعش” لە نیو مەکسیکۆ. ئاماژەشی بەوە دا، ئامانجی سەنتەرەکە فێرکردنی هزری داعش و پێشکەشکردنی ڕاهێنان بووە وەکوو مانۆڕی تاکتیکی و هونەری سەربازی و خزمەتکردن وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەو کەسانەی کە ئامادەن بۆ گەشت و شەڕکردن لە ژێر ناوی داعش لە دەرەوە و ناوەوەی ئەمەریکا. هەر لەو راگەیاندراوەدا هاتووە: “ویلسۆن کە بە بیلال عەبدوڵا ناسراوە، یارمەتیی بەڕێوەبردنی پلاتفۆرمێکی ئۆنلاینی داوە کە کار بۆ وەرگرتنی هاووڵاتییان بۆ ڕیزەکانی داعش دەکات”.