دوای ئەوەی ئەمڕۆ دادگــای باڵای فــیــدراڵیی عێراق رهتی كردهوه ئــهم خولهی پهرلهمان ههڵبوهشێنێتهوه، بە بیانووی ئەوەی پێچهوانـهی دهستووری وڵاتەكەیە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق داوای كرد لە ڕێگەیەكی ترەوە و بە مەرج پەرلەمان بێتە هەڵوەشاندنەوە. عەبادی ئەمشەو لە هەژماری خۆیدا لە “تویتەر” بڵاوی كردەوە كە داوا دەكات بەپێی مادەی 64ی دەستووری عێراق، دەستپێشخەرییەك بكرێت، تیایدا بەپێی ڕێككەوتنێكی سیاسی، هەڵبژاردنی پێشوەختە بە یاساكانیەوە رابگەیەندرێت، هەڵبژاردنەكە لەلایەن حكوومەتێكیشەوە ئەنجام بدرێت كە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت، ئەوكات پەرلەمان بێتە هەڵوەشاندنەوە. ئەمەش لە كاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ لە میدیاكانی عێراقدا وا بڵاو كرایەوە كە سكاڵایەكی تر دەخرێتە بەردەم دادگای فیدراڵی لەبارەی شیكردنەوەی مادەی 64ی دەستوور، تاكو سەركۆمار و سەرۆك وەزیران بتوانن داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن. جێی باسە ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق رای گەیاند ئەمە لەبەرچاو دەگرێت كە ئەندامانی پەرلەمان، دوای هەڵبژاردنیان، نوێنەرایەتی خۆیان و حزبه سیاسییەکانیان ناکەن، بەڵکو نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن، بۆیە پێویست بوو کار بۆ ئەوە بکەن کە بۆی هەڵبژێردراون، کە بەرژەوەندی خەڵکە، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆکارێک بۆ بەربەست خستنە بەردەم بەرژەوەندییەکانیان و هەڕەشە لە سەلامەتی خەڵک و خۆیان بە تەواوی بكات، سەقامگیریی پرۆسەی سیاسییش پێویستی بەوەیە كە هەمووان پابەند بن بە بڕگەكانی دەستوور، ئهو سزایهش كه بهسهر پەرلەماندا دهسهپێنرێت، له ئهنجامنهدانی ئهركه دهستوورییهكانیدا، ههڵوهشاندنهوهی پەرلەمانەكەیە، له كاتێكدا پاساوی بۆ ههبێت، دەسەڵاتی دادوەری دادگای باڵای فیدراڵی بە ماددەی (93)ی دەستوور و ماددەی (4)ی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی، سنووردارە، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ناگرێتەوە.