لەگەڵ ئەوەی توركیا و باكووری كوردستان، ژمارەی دانیشتوانیان ساڵ بە ساڵ لە زیادبووندایە، بەڵام بەپێچەوانەوە ژمارەی جووتیار لەو وڵاتە بەرەو كەمبوونەوە دەڕوات، ئەمەش گاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووریی تەواوی توركیادا داناوە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی كشتوكاڵی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، لە 2001، ژمارەی جووتیار لە توركیا دوو ملیۆن و 182 هەزار و 767 جووتیار بووە، بەڵام دوای 20 ساڵ، لەبری ئەوەی ڕێژەی جووتیار زیاد بكات، چونكە ڕێژەی دانیشتوانی تورکیا زۆر زیادی كردووە، كەچی لە 2021 دا، ڕێژەی جووتیار لە توركیا دوو ملیۆن و 173 هەزار و نۆ جووتیارە. دامەزراوەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی لە توركیا ئاشكرای دەكات، لە ماوەی پێنج ساڵدا ڕێژەی جووتیار لە توركیا و باكووری كوردستان 29% كەمی كردووە، هەروەها لە ماوەی 10 ساڵدا 50% كەمی كردووە، ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئایندەی كشتوكاڵ لە توركیا. توركیا بەوە ناسراوە كە بەرهەمی كشتوكاڵیی خۆی هەناردەی وڵاتان دەكات، زۆر جاریش بە وڵاتی كشتوكاڵ ناوی دەهێنرێت، بەڵام لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، ئەو وڵاتە بەرهەمی كشتوكاڵی زۆر كەم بووەتەوە، بۆیە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیی خۆی، لە وڵاتانی تر بەرهەمی كشتوكاڵی هاوردەی توركیا دەكات. جووتیارانی باكووری كوردستان گلەیی دەكەن لەوەی کە بەرهەمهێنانی بەروبوومی كشتوكاڵی پارەی زۆر تێ دەچێت و وەكوو جاران نییە، چونكە تۆی هەموو بەرهەمێك زۆر لەسەریان دەكەوێت، كاتێكیش دەیفرۆشنەوە، لەبری قازانج زیانیان پێ دەگات. بەهۆی ئەوەی حكوومەتی توركیا وەكوو پێویست هاوكاریی جووتیارانی توركیا و باكووری كوردستانی نەكردووە، بۆیە جووتیارەكان بەدوای كاری تردا دەگەڕێن و واز لە جووتیاری دەهێنن، ئەمەش بۆ ئایندەی كشتوكاڵ زۆر خراپە. دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، نرخی بەرهەمی كشتوكاڵی بە بەراورد بە ساڵی 2021، بە ڕێژەی 134.96% زیادی كردووە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر ژیانی هاووڵاتی هەبووە و وەكوو پێویست ناتوانن پێداویستیی كشتوكاڵی بكڕن’ وەكوو تەماتە، پەتاتە، پیاز، كولەكە، باینجان، گەنمەشامی و… هتد. توركیا دووچاری قەیرانی دارایی بووەتەوە و ئەم قەیرانەش كاریگەریی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ هەبووە، بە جۆرێك کە حكوومەت نەیتوانیوە وەكوو پێویست هاوكاریی جووتیاران بكات، جووتیارەكانیش توركیا بەرەو وڵاتی ئەڵمانیا بەجێ دەهێڵن.
ڕێژەی جووتیار لە توركیا و باكووری كوردستان كەم بووەتەوە
