خۆپیشاندانەکانی تشرینی عێراق دەست پێدەکەنەوە

چوارچێوەی هەماهەنگی، وادەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ڕادەگەیەنێت و موقتەدا سەدر ڕێبەری رەوتی سەدریش، سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و شەقامی عێراقی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکانی تشرین ئامادە دەکات. چاودێران پێیان وایە، هیچ خاڵێکی هاوبەش لەنێوان هێز و لایەنە عەرەبە شیعەکانی عێراق نەماوە، لەلایەکی دیکەش شەقامی عێراقی ئامادەیە بۆ تەقینەوەی دۆخەكە.چوارچێوەی هەماهەنگی و کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقپەرلەمانتاران و بەرپرسانی چوارچێوەی هەماهەنگی رایدەگەیەنن، کە لەدوای كۆتاییهاتنی مەراسیمەكانی زیارەتی چلەی ئیمام حوسێن، پەرلەمانی عێراق دەست بە كۆبوونەوە دەكاتەوە. لەمبارەیەوە، عارف حەمامی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، بۆ (بەغداد ئەلیەوم) ڕایگەیاندووە، كاری چاككردنەوە و پاككردنەوەی باڵەخانەی پەرلەمان كە بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە زیانی پێ‌ گەیشتبوو، گەیشتووەتە كۆتایی و بەم نزیكانە باڵەخانەی پەرلەمان ئامادە دەبێت، بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی بكرێت.ئاشکراشی کردووە کە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە ئامادەکاری کراوە، لەدوای كۆتاییهاتنی مەراسیمەكانی زیارەتی چلەی ئیمام حوسێن، كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار بكرێت.بەڵام ئەوە لەکاتێکدایە، کە موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر، سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەختە.لەلایەکی دیکەشەوە، بەپێی زانیاریی میدیا عێراقییەکان‌، له‌ سێیه‌م ساڵیادى راپه‌ڕینى تشرین، عێراقییەکان ده‌ست به‌ ناڕه‌زاییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانیان ده‌كەنەوە‌ کە لەلایەن چالاکوانانەوە ئامادەکاریی بۆ کراوە، ئەوە جیاواز لەو لایەنگرانەی کە سەدر دەتوانێ لە شەقامدا بیانجووڵێنێت.هەر بەپێی زانیارییەکان،‌ له‌ به‌غدا و ناسڕییه‌ چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ بۆ دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان کراوە و ئاماده‌كاری کراوە.له‌ تشرینى یه‌كه‌مى 2019، راپه‌ڕینێكى سه‌رتاسه‌رى و جه‌ماوه‌رى لە عێراقدا رووی دا و حكوومه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى ناچار كرا ده‌ست له‌ كار بكێشێته‌وه‌، دواتر به‌شێك له‌و لایه‌نه‌ جه‌ماوه‌رییانه، بە ئامانجی گۆڕانکاری و داواکارییەکان،‌ به‌شدارییان له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراقدا كرد، بەڵام جگە لە بوونی چەند کەسێک بە پەرلەمانتار، داواکاریی شەقام وەکوو مەرەکەبی سەر کاغە مایەوە. پێوەند بەم پرس، د.دڵشاد عەبدولڕەحمان، چاودێری سیاسی و شارەزا لە دۆخی عێراق، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، لەوەتەی بەریتانیا و زلهێزانی دیکەی دنیا عێراقیان دروست کردووە، ناوبەناو ماوەی کەمی لێ دەرچێ، خەڵکی عێراق جگە لە نەهامەتی و کوشتن و بڕین و تاریکی هیچی دیکەیان نەبینیوە.گوتیشی: ”ئێستاش ئەو ڕەوشە بەو شێوە تراژیدیایە بەردەوام دەبێت، چونکە کۆتاییهێنان بەو دۆخە، تەنیا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم عێراقە، یان لانی کەم بە دابەشکردنی بەسەر سێ هەرێمی فیدراڵیی عەرەبی شیعە، سوننە و کورد بە دەسەڵاتی تەواوی هەرێمە فیدڕاڵییەکانەوە دێتە دی، ئەوەش لە بەرژەوەندیی دراوسێکانی عێراق و زلهێزەکاندا نییە، لەبەرئەوە، دەرچوونی عێراق لەو تونێلە تاریکەی تێی کەوتووە، بەم یارییەی نێوان لایەنەکان کۆتایی نایە، بەڵکوو رەنگە بۆ ماوەیەکی کورت پێکهاتنێ بێتە دی، بەڵام دووبارە کێشمە کێش و ململانێکان دەست پێدەکەنەوە.“