پارێزگاری دهۆک گەیشتە ئەڵمانیا و باس لە ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران دەکات

لە سەردانێکی فەرمیدا پارێزگاری دهۆک بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە ئەڵمانیا و لەوێ باس لە ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران دەکات. مللەت عیسمەت، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی پارێزگاری دهۆک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لەگەڵ شاندێک کە پێک هاتووە لە بێریڤان سەلیم، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و لارا زارا، بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقووش بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا لە هەرێمی باکووری ئاوی ڕاین لە باژێری ئێسن سەر بە ویلایەتی دۆسلدۆرف و دەستییان بە بەرنامەیەکی ڕێکخراو لە چەند بابەتی جیاجیا کردووە”. سکرتێری ڕۆژنامەوانیی پارێزگاری دهۆک باسی لەوەش کرد: ”پارێزگاری دهۆک و شاندێکی هاوڕێی لەلایەن چەندین بەرپرسی دیاری ئەڵمانیاوە پێشوازییان لێ کرا، لەوانە لەلایەن نەسنائیل لیمینسکی، سەرۆکی دیوانی حکوومەتی هەرێمی باکووری ئاوی ڕاین و وەزیری کاروباری دەرەوەی هەرێمەکەوە و یوخائیم شتامپ، سەرۆکی حزبی فیدراڵی لە هەرێمی ئاوی ڕاین و جێگری پەرلەمان و سەرۆکی شارەوانیی ئێسن و سەرۆکی دەزگای کاریتاس لە پێشوازیکردنی پارێزگاری دهۆکدا بەشدار بوون”. مللەت عیسمەت جەختی لەوەش کردەوە: ”لەسەر شەرەفی ئامادەبوونی شاندی پارێزگای دهۆک بە سەرۆکایەتیی د. عەلی تەتەر میواندارییەک ڕێک خرا و لە چاوپێکەوتنێکدا باس لە ڕەوشی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەنابەران و هاوکارییە مرۆڤییەکان کرا و دانوستانی پارێزگاری دهۆک و شاندی هاوڕێی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکانی وڵاتی ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت”.