شه‌ش قوتابخانەی نوێی زمانی كوردی لە شنگال دەكرێنەوە

بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال رایدەگەیەنێ، كە ئەمساڵ 30 هەزار قوتابیی كوردی ئێزدی دەستیان بە خوێندن بە زمانی كوردی كردووە و شه‌ش قوتابخانەی نوێی زمانی كوردیش لە شنگال كراونەتەوە. دەشڵێ: “لەو ژمارەیەدا 12 هەزار قوتابی لەناو سەنتەری قەزای شنگال بە زمانی كوردی دەخوێنن و 18 هەزار قوتابی دیكەش لەناو كەمپی ئاوارەكان لە سنووری پارێزگای دهۆك بە كوردی دەخوێنن”. مه‌یسه‌ر حه‌جى، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال بۆ (باسنیوز) راشیگەیاند: “لەناو كەمپەكانی ئاوارەكان و لەناو شنگالیشدا رێژەی ئەو قوتابییانەی بە زمانی كوردی دەخوێنن لە بەرزبوونەوەدایە، ئەمساڵ 30 هەزار قوتابی لەناو سەنتەری شنگال و لەناو كەمپەكانی ئاوارەكان بە زمانی كوردی دەخوێنن و ساڵ دوای ساڵ خەڵك زیاتر منداڵەكانیان دەخەنە بەر خوێندن بە زمانی كوردی، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەردەوام پشتیوان و هاوكاری پەروەردەی شنگالە و ئەمساڵەش پەرتووك و پێداویستیی قوتابییانی بۆ قوتابخانەكانی سەر بە پەروەردەی شنگال دابین كردووە”. بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال گوتیشی: “بۆ خوێندنی ئەمساڵ كێماسی لە مامۆستایانی وانەبێژ بە زمانی كوردی نەماوە و میلاك پڕكراوەتەوە، تێكڕا بۆ ئەمساڵ‌ 95 قوتابخانەی زمانی كوردی لەناو شنگال و لەناو كەمپەكانی كوردانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆك بە رووی قوتابییاندا كراونەتەوە، كە لەو ژمارەیەدا شەش قوتابخانەی نوێ لەناو سەنتەری قەزای شنگال كراونەتەوە”.