هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە میحوەری چوار بۆ دووەم رۆژ ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنی سنووری ناوچەی قەرەحەسەن و چەند گوندێکی سنوورەکەی ئەنجام دا. وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە “سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ۱٤ـی ئەیلولی ٢٠٢٢، بەسەرپەرشتی عەمید محەمەد عەبدوڵا تەپەدێیی، فەرماندەی لیوای ٢٢ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە میحوەری چواری هێزەکانی پێشمەرگە، بۆ دووەم رۆژ ئۆپەراسیۆنی کێوماڵ کردنی سنوری ناوچەی قەرەحەسەن، لە گوندەکانی( سیامەند سور، قشڵاخ، فەرقان، پەڵکانە، بزڵە، شێخ جیری) بەردەوام بوو”. ئاماژەی بە ئەوەش دا “ئۆپەراسیۆنەکە، لە دوو قۆڵەوە دەستی پێکرد و ماوەی شەش کاتژمێر و نیو بەردەوام بوو، کە تیایدا یەکەکانی سەر بە لیوای۲۲ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بەشداربوون”. شایانی باسە، ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای ئەوە دێت، کە تیرۆریستانی داعش لە رێگەی تۆڕە کومەڵایەتیەکانەوە ترس و دڵەراوکێیان لەناو هاووڵاتیانی ناوچەکەدا بڵاو کردبۆوە، بۆ دڵنیا کردنەوە و نەهێشتنی مەترسی و پاراستنی هاووڵاتیانی ناوچەکە، هێزەکانی پێشمەرگە ئەو ئۆپەراسیۆنەیان ئەنجام دا، کە کێوماڵی تەواوی ناوچەکەیان کرد و هێزی زیاتری پێشمەرگە لە سنوورەکە جێگیر دەکرێت.
پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی ئەنجام دا
