مه‌حما خه‌لیل: هێندێک لایەن لە مووسڵ کار دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژی پێکهاتەکان

مه‌حما خه‌لیل، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، خەلەف حدیدی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و ئەندامی هاوپەیمانیی عەرەبەکانی نەینەوا لە لێدوانێکیدا دەڵێت، 85٪ی خەڵکی مووسڵ عەرەبن، ئەوە ڕوانگەیەکی شۆڤێنیستییە دژی پێکهاتەکانی مووسڵ، چونکە ڕاست نییە و ڕێژەی عەرەب زۆر کەمترە. سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”مەترسی لەسەر پێکهاتەکانی مووسڵ بەگشتی هەیە، ئەم بۆچوونە هزری شۆڤێنیی ڕژێمی دیکتاتۆری وەبیر ئێمە دێنێتەوە کە ساڵی 2003 ڕووخا، لەو سەردەمەشدا حکوومەتی دیکتاتۆریی سەدام حسێن دانی بە مافی پێکهاتەکاندا نەدەنا و هەموو پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوایان لادا”. مه‌حما خه‌لیل گوتیشی: ”دەشتی نەینەوا دەڤەرێکە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەلانی وەکوو ئێزدی و موسڵمان و مەسیحی و عەرەب و تورکمان و شەبەکی تێدایە، کەچی ئێستاش هێندێک پەرلەمانتار ئەو هزرە شۆڤێنییە بەکار دێنن، ئەگەر ئەوە ڕاست بێت کە ڕێژەی عەرەبی مووسڵ 85٪ بێت، کەواتە ئاخۆ ڕێژەی کوردی ئێزدی و شەبەک و موسڵمان و مەسیحی و تورکمان هەموویان 15٪ـە؟ لەڕاستیدا ئەوە هزری شۆڤێنیی هێندێک عەرەبە کە ڕاستیی پێکهاتەکان لە پارێزگای نەینەوا دەشارنەوە”. ئاماژەی بەوەش دا کە بەپێی ئامارێکی کە لەبەردەستە ڕێژەی عەرەب لە پارێزگای مووسڵ 55٪ و ئەو بەیاننامانەی دەردەکرێن تەعبیر لە ڕای هەموو عەرەبەکان ناکەن و بۆچوونی کۆمەڵێک لایەنە کە بۆ مەرامی سیاسی بەکاری دێنن. سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی عێراق جەختی لەوەش کردەوە: ”ئەگەر ڕێژەی عەرەب 85٪ بێت، کەواتە بۆچی قەت نەماندیتووە ڕێژەی کورسییەکانی عەرەب لە مووسڵ بەپێی ئەو ڕێژەیە بێت لە پەرلەمانی عێراق، نەتەوەی کورد لە هەڵبژاردنی ساڵی 2003ـوە هەمیشە ە 33٪ی کورسییەکانی مووسڵ لە پەرلەمانی عێراقی بەدەست هێناوە”. لە کۆتاییدا گوتیشی: ”شەبەک و تورکمان دەگەنە 10٪ و پێکهاتەکانی دیکەی مووسڵ دەگەنە 5٪، ئەمە ڕاستیی پێکهاتەکانی مووسڵە و دەشتی نەینەوا دەڤەرێکە هەموو جۆرە ئایین و نەتەوەیەکی تێدایە”.