بەهۆی گلەیی خەڵکەوە لە پشکنینی کۆرۆنا و پارەی پشکنین کە بۆ هەر کەسێک 25 هەزار دینار بوو، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان لێیان وەردەگیرا، بڕیارە لەو دەروازەیە پارەی پشکنینی کۆرۆنا وەرنەگیرێت. سەرچاوەیەک لەناو کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”خەڵک گلەییان لە نرخی پشکنینی کۆرۆنا هەبوو، لەبەر ئەوە لە نزیکترین کاتدا وەرگرتنی ئەو پارەیە لە خەڵک نامێنێت”. سەرچاوەکە گوتیشی: ئەو داواکارییەی خەڵک گەیشتووەتە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەوانەیە ئەمڕۆ یەکشەممە 18/9/2022 یان سبەی بڕیارێک لە وەزارەتی تەندروستییەوە دەربچێت و پشکنینی کۆرۆنا و وەرگرتنی پارەی پشکنین لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ڕابگیرێت، ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە دەروازەکەوە هاتوچۆ دەکەن، زۆر جار هەبووە لە خێزانێکدا پێنج کەس پارەی پشکنینی کۆرۆنایان داوە، بۆیە بڕیارە پشکنینی کۆرۆنا و وەرگرتنی پارەکەی نەمێنێت.