ئۆلیگ ئیگۆرۆن، جێگری سەرۆكی بنكەی ئاشتەوایی ڕووسیا لە سووریا كوشتنی 45 تیرۆریستی سەر بە بەرەی نوسرەی ڕاگەیاند. بەرپرسە ڕووسییەكە ئاشكرای كرد، فڕۆكەی جەنگیی سەر بە هێزە ئاسمانییەكانی وڵاتەكەی، مۆڵگەیەكی بەرەی نوسرەیان (گرووپێكی تیرۆریستییە لە سووریا) لە پارێزگای ئیدلب بردومان كردووە. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە بۆیان دەركەوتووە، 45 چەكداری بەرەی نوسرە لەو هێرشەدا كوژراون كە لە نێویاندا چەند فەرماندە و سەركردەیەكی مەیدانی هەن. ئەو بەرپرسە ڕووسییە ئاماژەی بەوەش داوە كە هێرشەكە لە 17ی ئەم مانگە ئەنجام دراوە و لە نێو سەركردە كوژراوەكانیش، (بیلال سەعید و ئەبو دوجانە الدیری) هەن كە سەركردەی نوسرەن. جگە لەوەی ژمارەیەك كۆگای چەكیشیان لێ تەقاندوونەتەوە. لە سووریا ژمارەیەكی زۆر گرووپی چەكداری توندڕەو هەن كە بەشێكیان لە لایەن وڵاتانی دەرەكییەوە پاڵپشتی دەكرێن و هەر یەكەی بە ئامانجێك دامەزراوە و كار دەكات. لە بەرامبەریشدا هێزی چەند وڵاتێك هەن لە سووریا كە هێرش دەكەنە سەر ئەو گرووپە میلیشیا و توندڕەوانەی كە دژی بەرژەوەندیی وڵاتەكانیانن.