ئادگارێكی بەغدا بەناوی نۆژەنكردنەوەوە ئەتك دەكرێت

ئەمڕۆ سێشەممە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیاكانی عێراق دەنگی ناڕەزایی و گاڵتەكردنیان لە بەرانبەر نۆژەنكردنەوەی مۆنۆمێنتی كەهرەمانەی ناوەڕاستی بەغدا لێ بەرز بووەوە، كە مۆنۆمێنتێكی ناوداری عێراقە، كەچی بە سۆندەیەكی سەوز ئاوی بۆ ڕاكێشراوە. كەسایەتی و ڕۆشنبیرانی بەغدا لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تویتەر و فەیسبووكەوە چەندین پۆستی رەخنەئامێز و گاڵتەئامێزیان لەبارەی نۆژەنكردنەوەی مۆنۆمێنتی كەهرەمان بڵاو كردووەتەوە و نووسیویانە تا ئێستا حكوومەتەكانی عێراق خزمەتگوزارییان پێشكەشی بەغدا نەدەكرد، بەڵام حكوومەتی ئێستا جگە لە پێشكەشنەكردنی خزمەتگوزاری، ئادگار و مۆنۆمێنتەكانیشی ئەتك دەكات. لەمبارەیەوە هارون رەشید ڕۆژنامەنووسی بەغدایی لە “تویتەر” نووسیویەتی كاتی خۆی عەلا مەعن ئەمینداری بەغدا بەهۆی پێشكەشنەكردنی خزمەتگوزارییەوە لە پۆستەكەی دوور خرایەوە، بەڵام عەمار موسا ئەمینداری ئێستای بەغدا جگە لەوەی هیچ خزمەتگوزارییەك پێشكەشی شارەكە ناكات، بە سۆندەی نایلۆن و رەنگاوڕەنگ ئاو بۆ مۆنۆمێنتێكی ناودار ڕادەكێشێت، بەمەش دەردەكەوێت كە بە ئەنقەست دەیەوێ مۆنۆمێنت و ئادگارێكی ناوداری بەغدا بشێوێنێت. لای خۆیەوە سامر جەواد نووسەرێكی عێراقیە لە تویتەر نووسیویەتی “كەهرەمانە و چل بۆڕییەكە”. فولكەی كەهرەمانە كە فولكەیەكی بەناوبانگی بەغدایە و كەوتووەتە شەقامی سەعدوونەوە، بەناوی مۆنۆمێنتی كەهرەمانە كراوە، ئەو مۆنۆمێنتەی بیرۆكەكەی لە چیڕۆك و داستانی “عەلی بابە و چل دزەكە”ی ناو “ئەلف لێلە و لێلە” وەرگیراوە و یەكێكە لە ئادگارە مێژووییەكانی بەغدا و ساڵی 1971 لەلایەن پەیكەرساز محەمەد غەنی حیكمەت دروست كراوە.