پارێزگاری ھەولێر رای دەگەیەنێت، کە لە پێنجەمین ساڵوەگەڕی ریفراندۆمە مەزنەكەی خەڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، ژمارەیەک کار و چالاکیی جۆراوجۆر لە شاری ھەولێر بەڕێوە دەچێت. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “رێکخراوەکان لە شاری ھەولێر ژمارەیەک کار و چالاکیی جۆراوجۆر بە بۆنەی ساڵیادی ریفراندۆم ئەنجام دەدەن، داوای رەزامەندییان لە پارێزگا کرد و ئێمەش رەزامەندیی خۆمان پێدان”. پارێزگاری ھەولێر ڕوونیشی كردەوە: “ئێمە خۆمان ھیچ مەراسیمێکی تایبەتمان نابێت، تەنیا رێکخراوەکان چالاکییان دەبێت”. رۆژی 25ی 9ی 2017 لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمەوە و بە رابەرایەتیی سەرۆك بارزانی، ریفراندۆمی گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەنجام درا و وێڕای هەوڵی نەیارانی كوردستان بۆ ڕێگەگرتن لە گەلی كوردستان لەو مافە یاسایی و سرووشتییەی خۆیان، بەڵام پرۆسەكە ئەنجام درا و بە ڕێژەی 93%ی خەڵكی كوردستان بە (بەڵێ) دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان دا.