ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهای لیرەی توركی بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی، جارێكی تر داتەپیەوە، ئەمەش دوابەدوای بڕیارێكی لەناكاوی بانكی ناوەندیی توركیا هات، لەبارەی كەمكردنەوەی نرخی سوو. ئەمڕۆ بەهای لیرەی توركی بۆ 18.42 لیرە بەرانبەر یەك دۆلاری ئەمریكی نزم بووەوە، ئەمەش كەمترین بەهای لیرەیە كە لەوەتەی دیسەمبەری رابردوو تۆمار كراوە. ئەمەش لە كاتێكدایە كە ساڵی رابردووش دابەزینی بەهای سوو بووە هۆی ئەوەی نرخی شتومەكی سەرەكی لە بازاڕەكانی توركیادا بەرز بێتەوە، كە لە ئەنجامیشدا بووە هۆی هەڵاوسانێكی مێژوویی كە لە ماوەی 24 ساڵی رابردوودا لە توركیا رووی نەدابوو. جێی باسە ئەمڕۆ بانكی ناوەندیی توركیا، بڕیاری دا نرخی سەرەكیی سوو لە %13وە بۆ %12 كەم بكاتەوە بە ڕێژەی 100 خاڵ، ئەمەش وەك نیشانێك بۆ بەردەوامیی دابەزینی ئابووریی وڵاتەكە، بەو ئامانجەی نرخی شتومەك لە وڵاتەكەدا ڕوو لە دابەزین بكاتەوە. رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا بەر لە چەند رۆژێك رای گەیاندبوو كە لەگەڵ كۆتایی ئەمساڵدا هەڵاوسان روو لە دابەزین دەكات.