د. کەریم شەریف قەرەچەتانی: منداڵی بیرکۆڵ و ئۆتیزم و ئیفلیجی مێشک، زۆر بووە و دیاردەیەکی مەترسیدارە

د. کەریم شەریف قەرەچەتانی، پسپۆڕی ناسراوی دەروونزانی، رای گشتیی کوردستان لە “دیاردەیەکی مەترسیدار” ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێ، منداڵی بیرکۆڵ و ئۆتیزم و ئیفلیجی مێشک، بە ناسروشتی زۆر بووە و “بڕوا ناکەم لە ھیچ وڵاتێک بە ئەو شێوەی لای ئێمە ببێت”. قەرەچەتانی لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک بابەتێکی بە ناونیشانی “زەنگێکی مەترسیدار بۆ ئەوانەی خەمخۆری ئەم نەتەوە داماو و بێ کەسەن” بڵاو کردوەتەوە. نووسیویەتی “بەرێزان سەرنجتان بۆ دیاردەیەکی زۆر زۆر مەترسیدار رادەکێشم ، ئەویش زۆر بوونی ناسروشتیی ئەو منداڵانەیە کە گەشەیان دواکەوتووە و توشی بیرکۆڵی و ئۆتیزم و ئیفلیجی مێشک ….ھتد، بوون کە دەچنە خانەی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەو رێژە زۆرە سروشتی نییە و بڕوا ناکەم لە ھیچ وڵاتێک بە ئەو شێوەی لای ئێمە ببێت، ئەوە باسی ئەوانە ناکەین کە توشی شێرپەنجە بوون و پزیشکەکان ئاماژە بۆ زۆربوونی نائاسایی ئەوانیش دەکەن”. د. کەریم شەریف قەرەچەتانی ئاماژەی بە ئەوەش داوە “ئەمە پێویستی بە توێژینەوەی زانستیی قوڵ ھەیە، لێرەو لەوێ باسی ھێنانی دەرمان و خواردنی بەسەرچوو دەکەن، یان دەڵێن دوژمنانی کورد لە رێگەی تایبەتی خۆیانەوە دەیانەوێت تاکی کورد تووشی نەزۆکی بکەن یان منداڵەکانیان بیرکۆڵ ببن، ئەمانە و زۆر شتی تر باس دەکرێت ، بۆ ئەوەی لە ئەو رێگەوە کۆمەڵگای کوردی توشی ئیفلیجی بکەن، واتە نەیانتوانی لە رێگەی چەک و پیلانگێریەوە کورد لەناو ببەن، دوور نییە ئەمە پیلان بێت، چونکە ئەم رێگەیە ئاسانترین و ھەرزانترین رێگایە بۆ تێکدانی خێزان و کۆمەڵگای کوردی و سەرقاڵکردنی دایک و باوک بە منداڵە بیرکۆڵ و دواکەوتوەکەیان تا بیر لە ھیچ شتێکی تر نەکەنەوە”. لە کۆتاییدا دەپرسێ” ئەگەر ئەمە ھۆکار نییە ئەی بۆچی رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی ئەو منداڵانە بە شێوەیەکی ناسروشتی زیاتر دەبن؟”.