رێباز حەملان: 550 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت بۆ مووچەی مانگی نۆ دراوەتە وەزارەتی دارایی

یاریدەدەرى سەرۆکى حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، داهاتی نەوت خراوەتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایی بۆ ئەوەى مووچەی مانگی نۆی پێ دابەش بکرێت. رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی (کوردستان 24) رایگەیاند: “داهاتی نەوت خراوەتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایی کەزیاتر لە 550 ملیۆن دۆلارە و داهاتەکە بۆ مووچەی مانگی نۆ دەبێت و وەزارەتى دارایی رۆژ و کاتى دابەشکردنى موچە دیاریدەکات، بەڵام لەئێستاوە پارەى پێویست بۆ دابەشکردنى خراوەتە سەر هەژمارى وەزارەت”. ڕێباز حەملان، لە بارەی داهاتی نەوت گوتیشى: “ئێستا زیاتر لە 48%ى داهاتى نەوت دەچێت بۆ مووچە لەکاتێکدا پێشتر 30% بوو، زیاتر لە 550 ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە بۆ مووچە لە داهاتى نەوت بۆیە کێشەى مووچە دووبارە نابێتەوە بەتایبەتى لە سلێمانى، چونکە کورتهێنانەکەی پێ چارەکراوە”. باسى لەوەشکرد، قەرزەکانى نەوت زیاتر لە حەوت ملیار دۆلارەوە بۆ کەمتر لە پێنج ملیار کەمبووەتەوە، گوتیشی: “ئێستا نرخى فرۆشتنى نەوتى هەرێم سێ دۆلار لەگەڵ سۆمۆ جیاوازە و نرخى نەوتى هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکى باش و بە 100 دۆلار فرۆشراوە و داهاتەکەش بە شەفافی بۆ ڕای گشتی خراوەتە ڕوو”.