نووسەرێکی کورد لە باسی نیشتیمانپەروەری و کوردایەتییدا دەڵێ،هەستی کوردێتی و بەرگیرکردن لە سەربەخۆییی کوردستان لە باشووری کوردستان بەهێزترینە، نەک لەبەر ئەوەی کوردانی پارچەکانی تر نەتەوەیی نین، بەڵکوو لەبەر ئەوەی سی و دوو ساڵە کورد لە باشوور هەناسەیەکی ئازادانە هەڵدەمژێت. نووسەری کورد، سۆران ئازاد، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک، نووسینێکی سەبارەت بە هەستی کوردێتی و بەرگیرکردن لە سەربەخۆیی کوردستان، بڵاو کردووەتەوە و لە بەشێکیدا دەڵێ”هەستی دژەکوردێتی لە باشووری کوردستان ڕەگوڕیشەی خۆی هەیە. بەشێکی زۆری ئەوانە پێش ڕاپەڕین پشتگیریکاری سەرسەختی ڕژێمی بەعس بوون. گروپێکی تریان ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە بوون، کە تێمای سەرەکیی نووسینەکانیان بە جۆرێک لە جۆرەکان خزمەتکردن بوو بە ڕژێمی بەعس. نموونەکان لە ژمارەبەدەرن”. نووسیویەتیشی “هەستی کوردێتی و بەرگیرکردن لە سەربەخۆییی کوردستان لە باشووری کوردستان بەهێزترینە، نەک لەبەر ئەوەی کوردانی پارچەکانی تر نەتەوەیی نین، بەڵکوو لەبەر ئەوەی سی و دوو ساڵە کورد لە باشوور هەناسەیەکی ئازادانە هەڵدەمژێت. تەنیا بە زمانی کوردی بیر دەکاتەوە و دەخوێنێت. تەنیا ئاڵای کوردستان دەبینێت. هەر کوردێک بەو جۆرە ئازادییە ڕاهاتبێت، مەحاڵە جارێکی تر لە هیچ هێزێک قبووڵ بکات زمان و ناسنامەیەکی تری بەسەردا بسەپێنێت”. سۆران ئازاد پێی وایە کە ئەو تاریکبینییەی بەرانبەر بە هەستی نیشتمانپەروەرییی کوردانی باشوور هەیە ناواقیعانەیە و زیاتر لەژێر کاریگەرێتیی ململانێی حیزبە کوردییەکانی باشوورن. دەشڵێ: “هەر سەرکردەیەکی کوردپەروەر لە باشووری کوردستان لە (عەبدوڵا ئۆجەلان) و (سەلاحەدین دەمیرتاش) ئازادتر بیر دەکاتەوە، چونکە جەستەیەکی زیندانیکراو، هۆشێکی زیندانیکراوە. (نیتشە) گوتەنی، متمانەت بە هیچ بیرێک نەبێت، کە لە ئاکامی ڕۆیشتن بە سەربەستی لە دەرەوە لەدایک نەبووبێت”. ئەو نووسەرە لە بەشێکی دیکەدا دەڵێ: “(بارزانی) لە باشوور پێویستی بەوە نییە سەری خۆی بتاشێت، چونکە هەر هەڕەشەکانی ترس دەخەنە دڵی ئێران، ئەوە بەرگریکردن نییە لە (بارزانی)، بەڵام هەر کوردێک لە شوێنی ئەو بێت، لە کوردستانێکی ئازاد بێت، دەتوانێت بەو هێزەی کۆمەڵگەی کوردی پێی داوە، ترس بخاتە دڵی هەر دەوڵەتێک. بۆیە ئێمە دەبێت دەستبەرداری ئەو جۆرە بۆچوونە هەڵانە بین، کە باسی پێکەوەژیانێک دەکەن، کە لە بنەڕەتدا لەسەر ئەوە دادەمەزرێت تۆ دەستبەرداری خۆت بیت بۆ ئەوەی پێکەوە بژیت. پێکەوەژیانی ڕاستەقینە ئەوەیە، کە من دان بە تۆدا بنێم وەک ئەوەی، کە هەیت و تۆش بە هەمان شێوە، نەک تۆ ناچار بکەم واز لە شکۆ و ناسنامەی خۆت بهێنیت”.