هەبوونی بۆنی ماسی لە زەیتی بایەعی چارەسەر كرا و جۆرە رۆنێكی دیكە دابەش دەكرێت

دوای ئەوەی بۆ ماوەیەك ئەو زەیتەی لەگەڵ بەشەخۆراكی مانگانەدا دابەش دەكرا بۆنی ماسیی لێدەهات، بە گوتەی بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی، ئێستا كێشەكە چارەسەر بووە و جۆرە زەیتێكی دیكە دابەش دەكرێت. نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لەسەر ئەو بۆنەی لە زەیتی بایەعی دەهات، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەسەر خەت بووین، ئەو كێشەیە چارەسەر بوو”. ئاماژەی بەوەش دا: ” لەگەڵ ئەو بەشەخۆراكەی هاتووە، زەیتی جۆری (الدار) دابەش دەكرێت و هیچ جۆرە بۆنێكی هاوشێوەی بۆنی ماسیی لێ نایەت”. دەركەوتووە بەهۆی ئەوەی زەیتی گوڵەبەڕۆژە كەم بووە و سۆیا بەكار هاتووە، رێژەی ماددەی سۆیاش لە زەیتەكەدا زیاد كراوە، ئەوەش بۆنەكەی وا لێكردووە. بەرێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتیشی: “لە چەند مانگی رابردوودا بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا، گوڵەبەڕۆژەی پێویست نەدەگەیشتە عێراق، بۆیە حکوومەتی عێراق بەناچاری پەنای بردە بەر سۆیا بۆ دروستکردنی زەیت، زەیتی سۆیاش بۆنێکی ناخۆشی لەگەڵدایە، بەڵام ئێستا ئەو کێشەیە چارەسەر کراوە و زەیتەکە بە گوڵەبەڕۆژە دروست دەکرێت و هیچ بۆنێکی نییە و تەواو شیاوە بۆ بەکارهێنان”. لە بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان، بۆ هەر كەسێک یەک دەبە زەیتی یەك لیتری دابەش دەكرێت. نەوزاد شێخ كامیل، گوتیشی: “ئەگەرچی لە رووی تەندروستییەوە ئەو رۆنەی بۆنی ماسیی لێدەهات هیچ زیانێكی نەبووە، بەڵام دیارە هاووڵاتییان بە بۆنەكەی بێزار بوونە، هەر ماددەیەكی بەشەخۆراك، كە لە بەغداوە دەنێردرێت، دوای پشكنینی تەندروستی ئینجا دابەش دەكرێت”.سۆیا جۆرە گیایەکە، لە خۆراکگەلی جۆراوجۆر دروست دەکرێت و سەرچاوە تەندروستییەكان بە باشە باسی سۆیایان كردووە. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەش دا، سۆیا ماددەیەكی وەكوو گوڵەبەڕۆژەیە و بۆ زەیت بەكار دێت، گوتیشی: “ماددەی سۆیا زیاد بەكار هاتووە، ئەوەش بۆنەكەی گۆڕیوە بۆ هاوشێوەی بۆنی ماسی”. لە هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن و 225 هەزار و 472 کەس سوود لە بەشەخۆراکی مانگانە دەبینن. لای خۆیەوە، شەوکەت محەمەد بەڕێوەبەری دابەشكردنی خۆراکی سلێمانی، رایگەیاند: “لە بەشەخۆراکی مانگەکانی رابردوودا تام و بۆنی زەیت خراپ بوو، بەڵام لەدوای ئاگادارکردنەوەی سەرووی خۆمان، بەدواداچوونیان بۆ کێشەکە کرد و زەیتەکە بۆن و تامی رۆنی ماسیی ھەبوو، بەڵام ئێستا کوالێتیی زەیتەکە باش بووە و بۆنەكەی نەماوە”.