لەسەر بودجەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ڕێگەى شکارتە بۆ بالیسان، کە ئیدارەى سۆران و ڕاپەڕین بەیەکەوە دەبەستێتەوە، نۆژەن دەکرێتەوە. ئیبراهیم مەحموود، بەڕێوەبەرى ناحیەى بێتواتە، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “ئەو ڕێگەیە سنوورى ئیدارەى ڕاپەڕین بە ئیدارەى سەربەخۆی سۆران و قەزاى شەقڵاوە دەبەستێتەوە و درێژییەکەى 24 کیلۆمەترە، کە لە شکارتەوە تا سێڕیانى زینەتیر درێژ دەبێتەوە”. گوتیشى: “پڕۆژەکە کە ماوەى چەند ڕۆژێکە دەستى پێکردووە، بریتییە لە هەڵکەندنى قیڕە کۆنەکە و فروانکردن و قیڕتاوکردنى، کە لەسەر بودجەى حکوومەتى هەرێمى کوردستانە و بڕى سێ ملیار و 660 ملیۆن دینارى بۆ تەرخان کراوە”. بەڕێوەبەرى ناحیەى بێتواتە، باسى لەوەش کرد: “بڕیارە کارەکانى پڕۆژەکە لە ماوەى شەش مانگى داهاتوودا تەواو بکرێن، کە بەهۆیەوە خزمەتێکى بەرچاو بە ڕەوشى هاتوچۆ و بازرگانى دەکات و ڕۆڵى باشیشى دەبێت لە کەمکردنەوەى ڕووداوەکانى هاتوچۆ”.