سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئیران هۆشداری دەدات و دەڵێت: ئۆپەراسیۆنەکان لە دژی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام دەبن.
محەممەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئیران بە میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاندووە: “چەندین جار داوامان لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کردووە، یا ئەم گرووپانە چەک بکرێن و ببنە گرووپی مەدەنی یا دەربکرێن، لەبەر ئەوەی ئێران قبووڵ ناکات سێ هەزار کەس هێزی چەکدار لە پشت سنوورەکانی ئەم وڵاتە خەریکی دروستکردنی بۆمب و راهێنانی سەربازیی بن”.
باقری، گوتیشی: “بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چەندین جار بەڵێنیان پێداوین ئەم کێشەیە چارسەر بکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ کارێکیان نەکردووە، بڕیارمان داوە خۆمان بەرگری لە خۆمان بکەین و رووبەڕووی ئەم گرووپانە ببینەوە و هێرش بکەینە سەریان”.
جەختیشی کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە دژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات تا ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان داخوازییەکانیان قبووڵ دەکات بەردەوام دەبێت.
رۆژی چوارشەممە 28ـی ئەیلوول، ئێران بە مووشەک و درۆنی بۆمپرێژکراو، بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، زەرگوێز و پردێ، کردنە ئامانج، بەوهۆیەوە 18 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسی دیکەش برینداربوون.