ماوەی پێنج ساڵە ئێران ئاوی زێی بچووکی بەسەر ھەرێمی کوردستان و عێراقدا گرتووهتەوە، جگە لەو زیانانەی بە کشتوکاڵ و سامانی ماسی و ژینگەی گەیاندووە، دەیان ھەزار کەسیشی لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان، لەژێر ھەڕەشەی کەمی ئاوی خواردنەوە هێشتووهتهوه. زێی بچووک لە رۆژھەڵاتی کوردستانەوە دێت و بە خاکی ھەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت تا دەڕژێتە رووباری دیجلەوە، ئێستا ئاوەکەی بە ڕێژەی٩٠٪ کەمی کردووە، ئێران لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧ ەوە ئاوەکەی گرتووهتەوە و لە بەنداوی کۆڵەسەی سەردەشت گلی دەداتەوە.
له دەربەندی رانیە بەر لەچوار ساڵ، بەلەمی گەشتیاری گەشتی ناو ئاویان بە گەشیاران دەكرد و بەلەمی جیسکیش نمایشی یاریەکانی ناو ئاویان دهكرد. ئێستا ھەمان ئەو شوێنە جگە لە تولە روبارێک کە زەویەکەی قڵیش قڵیش بووە شتێکی تری لێ نەماوەتەوە، ھۆکارەکەی بەشێکی بەھۆی وشکەساڵی و کەمبونەوەی ئاوی سەرچاوە ناوخۆییەکانە، ھۆکارە گەورەکەش گرتنەوەی ئاوی زێی بچووکە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن ئێران زیانی زۆری لە کشتوکاڵ و سامانی ماسی و پڕۆژەکانی ئاودێری و مەترسی گەورەشی لەسەرئاوی خواردنەوەی ئەو ناوچانە دروستکردووە کە دانیشتوانەکەی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیان زێی بچووکە .
بەھۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک ، فەرمانگەی دابەشکردنی ئاوی قەڵادزێ خهریكه بەربەست لەبەردەم ئاوی زێیەکە دروستدەکات تا بتوانێ ئاوی خواردنەوە بۆ ٨٠ ھەزار دانیشتووی قەڵادزێی سەنتەری قەزای پشدەر دابین بکات .
زێی بچووک راستەوخۆ دەڕژێتە دەریاچەی دووکان، دەریاچەکە توانای گلدانەوەی زیاتر لە حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی ھەیە، ئەم ساڵ ئاستی ئاوی دەریاچەکە یەك لەسەر سێ دابەزیووە. کەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەکە کاریگەری خراپی لەسەر سامانی ماسی ناو دەریاچەکە ھەبووە. بەو ھۆیەوە سەدان ماسیگر بێکار ماونەتەوە و ئێستا بەھۆی کەمبوونەوەی ماسی لە دەریاچەکەدا وەک رابردوو لە دەریاچەکەدا تۆڕەکانیان دانانێنەوە
زێی بچووک، لە رۆژھەڵاتی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و درێژەکەی ٤٠٠ کم دەبێت و لەسنوری قەزای پشدەرەوە دهڕژێته ھەرێمی کوردستان.
لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧، ئێران بەبێ گوێدانە رێکەوتننامە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەو رووبارانەی نێوان دوو وڵات یان زیاتر دەبڕن، ئاوی زێی بچووکی بەسەر ھەرێمی کوردستان و عێراقدا گرتەوە و بەنداوی کۆڵەسەی سەردەشتی پێ پڕدەكات.