رێكخراوی كۆچی نێودهوڵهتی رایدهگهیێنێت، لە ساڵی 2014ـهوه تا ئێستا زیاتر لە 29 هەزار كەس لەرێگهی كۆچكردن بۆ ئهوروپا گیانیان لەدەستداوە و تهنها لەماوهی دوو ساڵی رابردوودا پێنج هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە.
رێكخراوی كۆچی نێودهوڵهتی له راپۆرتێكدا كه دوێنێ سێشهممه 26ـی تشرینی یهكهمی 2022، بڵاویكردووهتهوه، ژمارهی قوربانیانی كۆچی نایاسایی بۆ ئهوروپای ئاشكراكرد و ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاستی وەك كوشندەترین رێگەی كۆچكردنی دیاریكردووه، بەو پێیەی لە مانگی یەكی ساڵی 2021ەوە دوو هەزار و 836 كۆچبەر و پەنابەر لەكاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئیتاڵیا یان ماڵتا بە پەڕینەوە بە شێوەیەكی سەرەكی لە لیبیا و تونسەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دووەم كوشندەترین رێگا بریتییە لە زەریای ئەتڵەسی لە رۆژئاوای ئەفریقاوە بۆ دوورگەکانی کەناری ئیسپانیا کە لە ساڵی 2021ـهوه زیاتر لە 1500 حاڵەتی گیان لهدهستدان تۆمارکراوە.
لای خۆیانەوە توێژەرانی پڕۆژەکە ئاماژهیان بهوهدا، ئەگەری زۆرە ئەم ژمارانە کەمتر بن لە ژمارەی راستەقینەی قوربانییەکان، بە لەبەرچاوگرتنی سەختی کۆکردنەوە و پشتڕاستکردنەوەی زانیاری دەربارەی “کەشتییه نوقمبووه نەدۆزراوهكان” و ئەو بەلەمانەی کە لە دەریادا ون دەبن بهبێ ئهوهی بهدواداچوونیان بۆ بكرێت.
بەپێی راپۆرتەكە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە ناوچەكانی دیكەی سنووری ئەوروپاش زۆر بووە، هەروەها لە یۆنان، وڵاتانی ڕۆژئاوای بەڵکان و كەناڵی ئینگلیزیش.
پڕۆژەی کۆچبەرە ونبووەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، “دەکرا بە هاوکاری خێرا و کاریگەر بۆ کۆچبەرەكان، رێگری له بهرزبوونهوهی ئهو ژمارهیانه بکرابایە”.
بۆ یەکەمجار پڕۆژەکە ئاماری مردنی پەیوەندیدار بە گەڕانەوەی زۆرەملێ یان دەرکردن لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەوروپاوە بڵاوکردەوە و، بە پشتبەستن بە راپۆرتەکانی رزگاربووان، 252 کەسی گیانیان لەدەستداوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، 97 حاڵەتی مردن بە پەیوەندی بە گەڕاندنەوە لە ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاست، 70 حاڵەت لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، 58 حاڵەت لە سنووری وشکانی نێوان تورکیا و یۆنان، 23 حاڵەت لە رۆژئاوای دەریای ناوەڕاست و چوار حاڵەت لە سنووری بیلاڕووس و پۆڵەندا تۆمارکراوە