بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دەستیانگرتووە بەسەر بڕی 136 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری (ئەسید) و 140 گرام ماددەی (حەشیش) دا، دوو کەسیش لەسەر بازرگانی کردنی بە ماددەکان دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ یەکشمەممە (30ی تشرینی یەکەمی 2022) بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوە دا، “لەدرێژەی كاروچالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و بازرگانانی ئەو ماددانە، هێزەكانی ئاسایش لە یەكێك لەبازگەكان دەستیان بەسەر بڕی (136) كیلۆگرام ماددەی (ئەسید) و (140) گرام ماددەی (حەشیش) دا گرت”.
ئاسایشی سلێمانی باسی لەوەشکردوە، رۆژی 22ی تشرینی یەکەمی 2022 چالاکییەکەیان ئەنجامداوە، لەژێر سەرپەرشتی دەزگای ئاسایشی هەرێم و لەچوارچێوەی هەڵمەتی دەستگیركردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان و رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی هەر جۆرە ماددەیەكی هۆشبەر، كە زیان و کاریگەری خراپی بۆ کۆمەڵگە دەبێت.
لەسەر بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دوو تۆمەتبار، بە فەرمانی دادوەر بە ناوەکانی (س . ق . م) لەدایكبووی 1987 و (ر . ه . م ) لەدایكبووی 1995 دەستگیرکراون، بەگوێرەی ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
ماددە هۆشبەرەکان، دەبێته هۆی دابڕانی مرۆڤ لە ژینگەی سرووشتی خۆی، لە ئەنجامی زۆر بەکارهێنانیدا مرۆڤ ئالوودە و ژەهراوی دەبێت، ئەو ماددانە لە رێگەی دەم، دەرزی، بۆنکردن و هەڵمژینی دووکەڵەکەیەوە، دەچێتە جەستەی مرۆڤەوە و کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەست و دەمار دروستدەکات.