ئەمەریکا دەیەوێت هاوکارییەکانی کۆریای باکوور بۆ رووسیا بوەستێنێت

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەدوای رێگاچارەیەکدا دەگەڕێت بەمەبەستی وەستاندنی هاوکارییەکانی کۆریای باکوور بۆ رووسیا.

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەدوای میکانیزمێکدا دەگەڕێت بەمەبەستی وەستاندن یاخود کەمکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی کۆریای باکووری بۆ ڕووسیا.

هاوکات جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەی ئەمەریکا باسی لەوەکرد، ژمارەیەک لەو تۆپهاوێژانەی سوپای رووسیا لە جەنگ دژی ئۆکرانیاکان بەکاریدەهینێت لەلایەن رژێمەکەی کیم جۆنگ ئونەوە دابینکراوە.

کێربی ئاماژەی بەوەشدا، کۆریای باکوور بارهەڵگری پڕ لەچەک بۆ رووسیا رەوانەدەکات و وای نیشاندەدات ئەو چەکانە بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەنێرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، جگە لە کۆریای باکوور، بەرپرسانی ئۆکرانیا و ئەمەریکا، ئێرانیش تۆمەتباردەکەن بەناردنی درۆن بۆ سوپای ڕووسیا و بەکارهێنانی لە جەنگی ئۆکرانیا.