هەواڵێكی دڵخۆشکەر بۆ جووتیاران

زیاتر لە 37 ملیار دینار پارەی ساڵی 2014ـی گەنمی جووتیاران گەیشتە هەرێمی کوردستان و هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازارگانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2014 گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و هەفتەی داهاتوو دابەشدەکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، بڕی پارەکە 37 ملیار دینارە و لە پارێزگاکانی (سلێمانی، هەولێر، دهۆک) دابەشدەکرێت، بۆ پارەی ساڵی 2015 و 2016ـەش هیچ گرفتێکی یاسایی و ئیداری و سیاسیی نەماوە و دوای دابەشکردنی 37 ملیار دینارەکە، پارەی ساڵەکانی دیکەش دابەشدەکرێت.

لە ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 حکومەتی عێراق، بەهۆی تێكچوونی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا، پارەی گەنمی جووتیارانی نەنارد، کە بڕەکەی زیاتر لە 500 ملیار دینار بوو، ئێستاش بە کۆی گشتی زیاتر لە 200 ملیار دینار نێردراوە و چاوەڕێی ناردنی بڕەکەی دیکە دەکرێت.