ئه‌مه‌ریكا هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دانه‌وێڵه‌ ئاشكراده‌كات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا رایده‌گه‌یه‌نێت، رووسیا جارێکی دیکه خۆراکی وەک چەک بەکارهێناوه، كه‌ بووه‌ته‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دانه‌وێڵه‌ له‌ جیهاندا.

نێد پڕایس گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له‌ میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی له‌ واشنتنه‌وه‌ رایگه‌یاند، بەهۆی جێگیرنه‌بوونی رێککەوتنی دانەوێڵه‌ی ئۆكرانی، نرخی خۆراک بەرزبووەتەوه.

هه‌روه‌ها گوتی: “60%ـی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بۆ وڵاتانی هەژار دەچێت و رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵه جگه‌ لەڕێگەی دەریای رەشەوه جێگرەوەی نییه.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێیوایه‌، داواكاری مۆسكۆ له‌ كیێڤ بۆ به‌كارنه‌هێنانی رێڕه‌وی مرۆیی بۆ گواستنه‌وه‌ی دانه‌وێڵه‌ بۆ جیهان، “سزادان و هه‌راسانكردنی به‌كۆمه‌ڵه‌”.

ده‌شڵێت: “پرسی گواستنه‌وه‌ی دانه‌وێڵه‌، كێشه‌ی نێوان دوو وڵات نییه‌، ئه‌مه‌ پێویستییه‌كی ناچارییه‌”.

روونیشیكرده‌وه‌، داواكارییه‌كه‌ی مۆسكۆ سزادانی به‌كۆمه‌ڵی ته‌واوی وڵاتانی جیهانه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ رێژه‌ی داهاتیان نزمه‌ و پێویستیان به‌ دانه‌وێڵه‌ هه‌یه‌.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا رووسیا به‌شداریكردنی له‌ رێككه‌وتننامه‌ی هه‌نارده‌ی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانی بۆ جیهان، هه‌ڵپه‌سارد.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ی رووسیا دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ رۆژی 29ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر، كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كانی رووسیا له‌ دوورگه‌ی سیڤاستوپۆڵی سه‌ر به‌ ناوچه‌ی كریمیا، له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌ كرانه‌ئامانج.

له‌ مانگی ته‌مووزی رابردوو رووسیا و ئۆكرانیا له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ به‌ چاودێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتنیان واژووكرد، كه‌ ئامانج لێی ئاسانكردنی گه‌یشتنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیایه‌ بۆ بازاڕه‌كانی جیهان.

له‌ 24ـی شوباتی رابردوو به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پووتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرش كرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون و ئه‌و شه‌ڕه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی كردووه‌ته‌ سه‌ر ره‌وشی بازاڕی دانه‌وێڵه‌ له‌ جیهاندا.