له‌ پڕۆژەیاسای ‌بودجه‌ی عێراق 50 هەزار هەلی دامەزراندن جێگیر دەکرێت

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، له‌ پڕۆژەیاسای ‌بودجه‌ی ساڵی 2023 عێراقدا نزیكه‌ی 50 هه‌زار هه‌لی دامه‌زاندن جێگیركراوه‌.

جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق‌ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، له‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی داهاتوودا نزیكه‌ی 50 هه‌زار هه‌لی دامه‌زراندن جێگیركراوه‌، ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ دامه‌زراندن دانراوه‌ نزیكه‌ی 130 ملیار دینارە.

كۆچه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، نرخی دۆلار له‌ بودجه‌ی ساڵی نوێ وه‌كخۆی ده‌مێنێته‌وه‌ هیچ پلانێک بۆ گۆڕانكاری له‌ نرخه‌كه‌دا نییه‌ و پێشبینی ده‌كه‌ن پێش سه‌ری ساڵ پڕۆژه‌كه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت و بچێته‌ واری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

پێشتر محه‌مه‌د نوری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو، كاركردن له‌سه‌ر نووسینه‌وه‌ی پڕۆژەیاسای ‌بودجه‌ی ساڵی 2023 لە ماوەی کەمتر لە 20 ئامادە دەکرێت.

گوتیشی: “گوشارێكی زۆرمان له‌سه‌ره‌ بۆ خێرا ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی داهاتوو، هەوڵدەدەین له‌ماوه‌ی 20 رۆژدا ئاماده‌ی بكه‌ین”.

لەلایەنکی دیکە ژمارەیەک پەرلەمانتار داوایان لە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، هه‌نگاوی به‌په‌له‌ بۆ ده‌رچوواندنی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵ بنێت و رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگه‌كان ببێته‌وه‌.