پارێزگاری سلێمانی ماته‌مینی گشتی راگه‌یاند

به‌ هۆی ته‌قینه‌وه‌ی سیسته‌می غازی ماڵی هاووڵاتییه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كی كازیوه‌ی شاری سلێمانی، 9 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 13 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون، باس له‌وه‌ش ده‌كرێت نزیكه‌ی 30 كه‌س له‌ژێر داروپه‌ردوو ماونه‌ته‌وه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ پارێزگاری سلێمانی یه‌ك رۆژ ماته‌مینی گشتی راگه‌یاند.

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: “رۆژی هەینی 18ی تشرینی دووەم، وەک رۆژی پرسەی گشتیی لە سنووری پارێزگاکەمان رادەگەیەنین”.

قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی پارێزگای سلێمانی زۆربه‌یان ژن و منداڵن و تیمەکانی بەرگری شارستانی له‌ ئێستادا سەرقاڵی دەرهێنانی ته‌رمی قوربانییەکانن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارێزگاری سلێمانی:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، هاوخەمیی خۆمان بۆ کارەساتەکەی ئەمشەوی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی؛ دەردەبڕین، سبەی هەینی 18ی تشرینی دووەم، وەک ڕۆژی پرسەی گشتیی لە سنووری پارێزگاکەمان رادەگەیەنین، پرسەو پەژارەی خۆمان بۆ قوربانییەکان دەردەبڕین و، هیوای چاکبونەوەی خێرا؛ بۆ بریندارەکان دەخوازین.

سوپاسی هەموو هاووڵاتیانی شاری سلێمانی و دامودەزگا حکومییەکانی حکومەتی خۆجێی سلێمانی دەکەین، کە بەو پەڕی دڵسۆزییەوە هاوکارو هەماهەنگ بوون، سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەین کە هاوخەمیی و پشتیوانیان بۆ پارێزگاکەمان دەربڕی.

د.هه‌ڤاڵ ئه‌بو به‌كر

پارێزگاری سلێمانی