ئەمڕۆ دووشەممە سیاسەتمەدارێكی عێراق ئاشكرای كرد حكوومەتی عێراق بڕی 480 ملیار دیناری بۆ دروستكردنی دیوارێك بۆ داپۆشین و شاردنەوەی گەڕەكە هەژارنشین و زیادەڕۆكانی بەسرا خەرج كردووە. قازی عەبدوللەتیف حسێن فەزڵ سیاسەتمەداری عێراق و پەرلەمانتاری پێشووتر لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا ئاشكرای كرد كە ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرا بڕی 480 ملیار دیناری لە دروستكردنی دیوارێكدا خەرج كردووە، بۆ ئەوەی گەڕەكە هەژارنشین و زیادەڕۆكانی بەسرا لە چاوی كامێراكان و میوانانی شارەكە بشارێتەوە. دەشڵێ ئەو پارە زەبەلاحە باشتر بوو لەو خەڵكە هەژارە خەرج كرابا كە لەو گەڕەكانە نیشتەجێن، دەتواندرا بەم بڕە زۆرەی پارەیە، خانووی بچوك و سادە بۆ ئەو خەڵكە بێنەوایە دروست بكرێت، تا تێیدا بحاوێنەوە. قازی عەبدوللەتیف حسێن دەپرسێ چۆن دەكرێ 480 ملیار دینار لە بنیاتنانی دیوارێكی درێژی بێسوود خەرج بكرێت؟ ئەو دیوارە چ سوودێكی بۆ خەڵك هەیە؟ دوو ڕۆژی تر میوانانی كەنداو دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و دیوارەكەش لەوێ دەمێنێتەوە. جێی باسە حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەی بۆ ماوەی چەند رۆژێك گەڕەكە هەژارنشینەكان و زیادەڕۆكان، لە میوانانی پاڵەوانییەتی تۆپی پێی كەنداو 25 بشارێتەوە، كە لە بەسرا بەڕێوەدەچێت، دیوارێكی دوور و درێژی بە لێواری ئەو گەڕەكانەدا دروست كردووە.
حكوومەتی عێراق 480 ملیار دینار لە شاردنەوەی گەڕەكە هەژارنشینەكانی بەسرا خەرج دەكات
