ڕاوێژکارێکى پەرلەمانى کوردستان ڕای گەیاند بەمەبەستى دەرخستنى وردەکارییەکان و دیاریکردنى ڕێوشوێنەکانى بەرزکردنەوەى پلەى فەرمانبەران،لیژنەى دارایى پەرلەمان لەگەڵ ئەنجوومەنى ڕاژە کۆدەبێتەوە. ئەرشەد تەها، ڕاوێژکارى ئابووریى پەرلەمانى کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ” پێشووتر ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان داواى لە ئەنجوومەنى ڕاژە کردبوو کە بابەتى بەرزکردنەوەى پلەى فەرمانبەران تاووتوێ بکەن و وردەکارییەکانى لەسەر ئامادە بکەن،بەڵام ئەوەى کە هەیە تا ئێستا وردەکارى خەرجیى و چۆنێتى بەرزکردنەوەى پلەى فەرمانبەران لەو بڕیارەدا ئاشکرا نەکراوە.” گوتیشى: “ئەو بابەتە ڕاى لیژنەى دارایى پەرلەمانى کوردستانیشى پێویستە،بۆیە لیژنەکە داواى کردووە کە لەگەڵ ئەنجوومەنى ڕاژە کۆببێتەوە،بەڵام بە هۆى پشووەکانى سەرى ساڵ ئەو کۆبوونەوەیە دواکەوت و چاوەرێ دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت.” باسى لەوەشکرد: “لە کۆبوونەوەکەدا مەرج و ڕێنوێنى و چۆنییەتى و وردەکارى بەرزکردنەوەى پلەى فەرمانبەران و پێوەرەکان دیارى دەکرێن.” بە بڕواى ئەو ڕاوێژکارە ئابووریەى پەرلەمانى کوردستان پەسندکردنى بڕیارى بەرزکردنەوەى پلەى فەرمانبەران زیاتر پەیوەستە بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا ئامادەکردنى پڕۆژە یاساى بودجەوە.
نوێترین زانیارى سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەران
