شەپۆلێکی دیکەی بەفروباران بەڕێوەیە

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایکرد سبەش لەناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر بەفروباران دەبارێت و هاوکات شەپۆلێکی دیکەی بەفروبارانیش بەڕێوەیە. ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاویکردووەتەوە: “سبەی ھەینی 6/1/2023، ئاسمانی ھەرێمی کوردستان بەدرێژایی کاتەکان نیمچە ھەور بۆ ھەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمە باران لەھەندێک کات و ناوچەدا، لەناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر کەش باراناوی دەبێت بەشێوەی پچڕپچڕ و بارینی بەفر بەرێژەیەکی مامناوەند لە چیا بەرزەکانی سنوورەکەدا، هەروەها پلەکانی گەرما بەجێگیری دەمێنێتەوە و خێرایی باش لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت 10-25کم/س لە ئاراستەی باشووری رۆژئاواوە”. ئەوەشی خستووەتە روو: “لە دووسبەی شەممەوە 7/1/2023 بۆ ئێوارەی یەکشەممە 8/1/2023 شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە لەگەڵ دابەزینی زیاتری ئاستی بەفر بارین لە ناوچە شاخاوییەکاندا و کەشی ناوچەکە بەشێوەیەکی شێدار و سارد دەمێنێتەوە”.