شێرزاد ڕەشید: دەبێ گواستنەوەی ڕاژەی مامۆستایانی خوێندنی كوردی بە هەمەئاهەنگیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت

لە چاوپێكەوتنێكی (باسنیوز)دا، شێرزاد ڕەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك ڕایدەگەیەنێت، بابەتی گواستنەوەی ڕاژەی مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە كەركووك كە سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن دەبێت بە هەمەئاهەنگیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت و دەشڵێت: وەك خوێندنی كوردی لە كەركووك دەمانەوێت تایبەتمەندیمان پێ بدرێت، چونكە خاوەنی 535 قوتابخانە و 110 هەزار قوتابین و سنوورێكی فراوانمان بەدەستەوەیە و وەك بەشەكانی تر نیین. لە دەستپێكدا لەبارەی ئەوەی دەنگوباس گەرمە لەسەر گواستنەوەی ڕاژەی مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تر كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە مووچەكانیان دابین دەكرێت، بۆ سەر میلاكی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدراڵ، شێرزاد ڕەشید، گوتی: لەو بارەیەوە هێشتا نە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان و نە وەزارەتی پەروەردەی عێراق هیچیان بە ئێمە نەگوتوە لەسەر ئەو بابەتە، ئەوەی كە هەیە مامۆستا سەنا گەرمیانی كە بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی كوردییە لە بەغدا، پێی ڕاگەیاندین كە لیژنەیەك دروست كراوە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، تاكوو سەردانی كەركووك و خانەقین و مووسڵ بكات، ئینجا با لیژنەكە بێت و سەردان بكات بزانین چی دەبێ و دواتر بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی كوردی لە بەغدا خۆیشی ڕوونی كردەوە كە ئەوەش كاتێكی زۆری دەوێ، ڕەنگە تا هەشت مانگی بوێت، ئینجا لیژنەكە كارەكانی تەواو بكات و بزانرێ ئالیاتەكانی چۆنە و چی دەبێت. سەبارەت بە لێكەوتەكانی ئەگەری گواستنەوەی ڕاژەی مامۆستایانی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی، گوتی: دیارە مامۆستایانی خویندنی كوردی ئارەزوومەندن كە مووچەكانیان بڕواتە سەر حكوومەتی فیدراڵیی عێراق، وەكوو مامۆستا و فەرمانبەر مافەكانی خۆیان وەربگرن، چ لە سلفەی عەقار بێت، یان وەرگرتنی زەوی لەناو كەركووك، یان ئیمتیازاتەكانی تر و ئەو ئەرك و قورساییە لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان لابدرێت. ڕایشیگەیاند: ”سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، چەندین ساڵە ئێمە وەكوو كەركووكییەكان لە بودجەی هەرێمی كوردستان مووچەمان بۆ ئێمە دابین دەكرێ، ئەوەش بەرامبەر بە قوربانییەكانی خەڵكی كەركووكە و خەباتی خەڵكەكەی بووە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەردەم خاوەنی هەڵوێست بووە و خۆ تەنیا مووچەش نەبووە، ساڵانە ئەو هەموو پێداویستیانە بۆ قوتابخانەكانمان دەكڕێت و ئەو هەموو پۆلەی لەناو قوتابخانەكان دروست كردووە و ساڵانە ئەو هەموو مەنهەجە دەنێرێت بۆ قوتابخانەكانی خوێندنی كوردی. لە بارەی ئەوەی كە لیژنەكە سەردانیان بكەن بە مەبەستی گواستنەوەی ڕاژەی مامۆستیانی خوێندنی كوردی هەڵوێستیان چی دەبێت، شێرزاد ڕەشید، گوتی: ئێمە ئەو كاتە بۆچوونی خۆمان دەبێت و بڕیارەكەش وایە كە ئەو بابەتە دەبێت بە هەمائاهەنگیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت، ئێمە وەكوو خوێندنی كوردی لە كەركووك تمووحمان ئەوەیە كە بەڕێوەبەرایەتییەكمان هەبێت لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەكی پەروەردەی سەر بە خوێندنی كوردی بێت و تایبەتەمەندییەكمان پێ بدرێت، ئێمەش خاوەنی 535 قوتابخانە و 110 هەزار قوتابین و سنوورێكی فراوانمان بەدەستەوەیە، وەك بەشەكانی تر نیین. لە كۆتاییدا بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە پێویستە تایبەتمەندییەكانی خوێندنی كوردی لەدەست نەدرێت، نەك هەر وەكوو بەشێك بێت و بكەوێتە بن دەستی پەروەردەی ناوەندی، ئەوكاتە دەبێ حكوومەتی عێراق مەنهەجمان بۆ دابین بكات و شاندی دانوستانكاری كورد خۆیان لە بەغدا داوایان كردووە كە ڕاژەی مامۆستایان بگوزارێتەوە سەر بەغدا و 10 ساڵ پێش ئێستا پێشنیاری ئەو بابەتە كراوە، بەغدا ڕازی نەبوون لە كاتێكدا ژمارەی مامۆستایانمان ئەو كاتە كەمیش بووە، بەڵام ئێستا حەوت هەزار و 455 كەسین و لە ساڵی 2014ـشەوە دامەزراندن نەبووە و ئەگەر دامەزراندنیش هەبووایە ژمارەكەمان زیادی دەكرد، تمووحمان هەیە ئەگەر ئەو كارەش بكرێت لەو بارەیەوە تێبینییەكانی خۆمان بە لیژنەكە دەڵێین.