بانکی ناوەندی عێراق: لە كۆتایی ئەو مانگە بەهای 100 دۆلار دەبێتەوە 147 هەزار دینار

بانکی ناوەندی عێراق ئاشكرای كرد کەلە ماوەی دوو هەفتە و لە كۆتایی ئەو مانگەدا بەهای 100 دۆلار دەبێتەوە 147 هەزار دینار. ئیحسان شەمران یاسری راوێژكاری بانكی ناوەندی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاند: “ئاڵۆزی بەهای دۆلار و دابەزینی دینار، دۆخێکی کاتییە و لەماوەی دوو هەفتەدا واتا پێش کۆتایی مانگی كانوونی دووەم بەها و نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ ئاسایی خۆی 100 دۆلار بەرامبەر 147 هەزار دینار دەبێت.” ‎ئاماژەی بەوەش دا بانکی ناوەندی پابەندە بە بڕیارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی نابێت دۆلاریان بۆ بچێت، گوتیشی: “ئێمە پلاتفۆرمی ئاڵۆگۆڕی دۆلارمان داناوە بۆ ئەوەی دۆلار بۆ شوێنی راستەقینەی خۆی بچێت و رێكبخرێتەوە.” راوێژكاری بانكی ناوەندی عێراق دەشڵێت: “دۆخی دارایی دەوڵەت زۆر جێگیرەو پارێزگاری بانکی ناوەندیش لەگەڵ ژمارەیەک لە بازرگانان کۆبووەوە و رێنوێنی دا کە پشت بە وردبینی یان مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بانکەکان ببەستن و پێویست ناکات مامەڵە لەگەڵ مەزەندەکەر و ناوەندەکان بکرێ.” ئەو لێدوانەی بانكی ناوەندی عێراق لە كاتێكدایە ئەمڕۆ لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەهای 100 دۆلار 161هەزار دیناری تێپەڕاند.