پاش سەردانەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا یەكەمین كاروانی نەوتی سپی گەیشتە هەرێمی كوردستان و بڕیار درا لەمەودوا بە نرخێکی کەمتر دابەش بکرێ. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە “پاش سەردانەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لە 11ی ئەم مانگە بۆ بەغدا ، كە چەندین بابەتی تایبەت بە كێشە هەڵپەسێردراوەكان گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، تەوەرێكی ئەم گفتوگۆیانە تایبەت بوو بە دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بەخۆشحاڵییەوە توانرا بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت”. وەزارەتەکە ئاماژەی بە ئەوەش داوە كە پێشتر نرخی هەر لیترێك نەوتی سپی بە 750 دینار دەستنیشان كرابوو، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەم سەردانەیدا داوای كرد ئەم نرخە بۆ هاووڵاتیانی كەم بكرێتەوە، بۆیە وەزارەتی نەوتی عێراق رازی بوو ئەم نرخە بۆ 500 دینار بۆ هەر لیترێك كەم بكاتەوە. ئاشکراشی کردووە کە ئەمڕۆ ١٢-١-٢٠٢٣ یەكەم كاروانی ئەم نەوتە گەیشتە هەولێر، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەم بڕە نەوتە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكان و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بەهەمان نرخی دابینكراو دابەش ده كات.