کۆمسیۆنى هەڵبژاردن: بۆ ئامادەکاریى ئەنجامدانى هەڵبژاردن شەش مانگمان پێویستە

بەڕێوەبەرى داتا و زانیارى لە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و ڕاپرسى هەرێمى کوردستان ئاشکراى کرد هەرکات ڕۆژى هەڵبژاردن دیارى کرا،بە ماوەى شەش مانگ ئامادەکارییەکانى بەڕێوەچوون و ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکان لە هەرێمى کوردستان تەواو دەکەین. کاروان جەلال،بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسى کارایە و بەردەوامە لە کارەکانى،بەڵام ئەنجوومەنى کۆمسیۆنەکە وادەى کارکردنیان بەسەرچووە،بۆیە نووسراومان داوەتە لایەنى پەیوەندیدار لە پەرلەمان و حکوومەتى هەرێمى کوردستان و چاوەڕێى بڕیارى کاراکردنەوە و چارەسەرى بابەتەکەین.” گوتیشى: “هەرکات ئەنجوومەنەکە کاراکرایەوە و ڕۆژى هەڵبژاردن دیارى کرا،شەش مانگمان پێویستە تا ئامادەکارییەکانى دابینکردنى کەلوپەل و تۆمارى دەنگدەران و بابەتەکانى دیکەى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن تەواو بکەین.” باسى لەوەش کرد: “پێشووتر هەماهەنگى و ڕێککەوتنمان لەگەڵ کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق هەبووە بەو هۆیەوە دەتوانین سوود لە تۆمارى دەنگدەرانى ئەو کۆمسیۆنە کە تایبەتە بە هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان وەربگرین کە بێگومان تاڕادەیەکى باش لەناوى مردوو و دووبارە پاککراوەتەوە.”