بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى شوێنەوار و کەلەپوور لە وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزارى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، گرێبەستێکى پێنج ساڵە لەگەڵ زانکۆیەکى بەڕیتانى دەکات بۆ کۆڵینەوە لە دوو ئەشکەوتى مێژوویى و بەهۆیەوە دەیان هەلى کار بۆ دەرچوانى شوێنەوار دەڕەخسێندرێت. حوسێن حەمە غەریب، بەڕێوەبەرى شوێنەوارى سلێمانى بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “ئەو گرێبەستە بۆ ماوەى پێنج ساڵە کە لەگەڵ زانکۆی لێڤەرپۆلی بەریتانی واژۆ کراوە بۆ ئەوەى کاری کنەوپشکنین و ڕووپێوی لە هەردوو ناوچەی ئەشکەوتە ڕەش و خرابە چێوار لە سنووری پارێزگای سلێمانی بکەن.” گوتیشى: “کارى ئەو تیمەى زانکۆى لیڤەرپۆل دەگمەن و ناوازە دەبێت، بەتایبەت کە کار لەسەر چاخى بەردینى کۆن لە ئەشکەوتەکە دەکەن و شێوازى ژیان و کەلوپەلى ئەو سەردەمە دەردەخەن “. باسى لەوەش کرد: “بەشێکى ڕێککەوتنەکە ئەوەیە کە دەرچووى بەشەکانى شوێنەوار ئەوانەى دانەمەزراون لەگەڵ ئەو تیمە کار بکەن، بەوەش دەیان دەرفەتى کار بۆ ئەو دەرچوانە دەڕەخسێت”.