وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەستی کردووە بە نوێکردنەوەی گرێبەستی فەرمانبەران بۆ ساڵی دارایی 2023. بەپێی ئەو زانیاری و بەڵگانەی لە وەزارەتی دارایییەوە دەست (باسنیوز) كەوتوون، لەسەر بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی دارایی دەستی كردووە بە دەرکردنی فەرمانی تازەکردنەوەی گرێبەستی کارمەندانی گرێبەست، لە دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان. هاوشێوەی ساڵەکانی ڕابردوو، نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو فەرمانبەرانە بۆ ماوەی یەک ساڵ دەبێت، واتە لە 1ی1ی2023ەوە تاکو 31ی12ی2023 دەبێت، مەرجی تازەكرنەوەی گرێبەستەكانیشیان ئەوەیە، کە هیچ مووچەی دیكەیان نەبێت و لە دەوامكردنیش بەردەوام بن. سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “فەرمانی نوێكردنەوەی گرێبەستەكان بۆ زۆربەی وەزارەت و فەرمانگەكان نێردراوە.” بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی، کە بۆ وەزارەتی پەروەردە نێردراوە و کۆپییەکی دەست (باسنیوز) کەوتووە، تیادا گرێبەستی سەدان کارمەندی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی 2023 نوێ کراوەتەوە. نزیكەی 29 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كورستان دەوام دەكەن و ئەنجوومەنی وەزیرانیش ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژەی ڕاسپاردووە، بۆ ئەوەی ئەو فەرمانبەرانە بکات بە هەمیشەیی. پێشتر یاسین عەبدولواحید، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی دارایی بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “وەزارەتی دارایی گرێبەستی فەرمانبەرانی گرێبەست نوێ دەکاتەوە و نووسراوی تازەكردنەوەكەش دەدرێتەوە بە فەرمانگەكان.” بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستە ڕوو: “رێنوێییەكی جێگیر لە وەزارەتی دارایی بۆ تازەكردنەوەی گرێبەستەكان هەیە، كە پشتی بە یاسا بەستووە، دەبێت فەرمانی دامەزراندنی بە گرێبەست هەبووبێت، نابێت مووچەی دیكەی هەبێت و دەبێت بەردەوام بێت لە كاركردن، بەم مەرجانە گرێبەستەكان تازە كراونەوە و فەرمانگەكانیش دواتر فەرمانی وەزاری و كارگێڕییان بۆ دەردەكەن.” روونیشی كردەوە، هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی، ماف و خزمەتی فەرمانبەرانی گرێبەست لای حكوومەتی هەرێمی كوردستان پارێزراوە.
وەزارەتی دارایی فەرمانی تازەکردنەوەی کارمەندانی گرێبەست دەردەکات
