پڕۆژەیەکی گرنگی کابینەی نۆیەم دەکەوێتە خزمەت هاووڵاتییان

یەکێکی دیکە لە پڕۆژە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە پارێزگای دهۆک جێبەجێکراوە دەکەوێتە خزمەت هاووڵاتییان. فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردووەتەوە: “یەکێکی دیکە لە پڕۆژە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە پارێزگای دهۆک جێبەجێکراوە، پرۆژەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلە کە دەبێتە پڕۆژەیەکی هاوچەرخ و پێشکەوتووی دەڤەرەکە و دەکەوێتە دەروازەی ڕۆژئاوای شاری دهۆک”. ئاماژە بەوەش دراوە کە ئەو پرۆژەیە پێکهاتووە لە 5 ناوچە و ڕووبەرەکەی 300 دۆنم زەوییە، گوژمەی جێبەجێکردنیشی زیاتر لە 62 ملیۆن دۆلارە بووە. لەبارەی خزمەتگوزارییە بەردەستوکانی ئەم ناوچە پیشەسازییە، دلۆڤان بەرەکات، خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکار بە پێگەی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە: ”هەموو ئەو شتانەی کە پێویستن لە پرۆژەکەدا دابینکراون، بۆ ئەو کەسانەی کە لە پرۆژەکەدا کار دەکەن یان ئەوانەی کە سەردانی ناوچەکە دەکەن.” هەروەها روونیشکراوەتەوە لە کۆی پێنج ناوچەی پڕۆژەکە، سێ ناوچەیان تەواو بووە و دوو هەزار و 378 دوکان بە ڕووبەری جیاواز لەخۆدەگرێت، کارکردن لە دوو ناوچەی دیکەش بەردەوامە. خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکار، ئەوەشی راگەیاندووە: ”لە شوێنی پیشەسازیی کۆن، باخچەیەکی گشتی دروستدەکرێت، ئەمەش بۆ زیادکردنی ڕێژەیی سەوزایی لە ناوچەکە و ئەمەش جوانییەکی زۆر بە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی دهۆک دەکات.” ئەم پڕۆژە نوێیە، دەبێتە جێگرەوەی ناوچەی پیشەسازیی ئێستا کە کەوتووەتە دەروازەی ڕۆژهەڵاتیی دهۆک و سیمایەکی ناشارستانی بە شارەکە بەخشیوە، شوێنەکەشی دەکرێتە باخچە بۆ زیادکردنی ڕێژەیی سەوزایی لە دەڤەرەکە.