ماڵپەڕێكی ئەمریكی زانیاریی نوێ لەبارەی هێرشە درۆنییەكەی سەر ئەسفەهان بڵاو دەكاتەوە

ئەمڕۆ یەكشەممە ماڵپەڕی رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرنال)ی ئەمریكی زانیاریی نوێی لەبارەی هێرشە درۆنییەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر شاری ئەسفەهانی ئێران بڵاو كردەوە. وۆڵ ستریت جۆرنال لە زاری چەند بەرپرسێكی ئەمریكی بڵاو كردەوە كە هێرشە درۆنییەكەی سەر بنكەیەكی پیشەسازیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێران لە ئەسفەهان، لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە و بۆ یەكەم جاریشە لە سەردەمی حكوومەتی نوێی بنیامین نەتانیاهۆدا، هێرشی لەم جۆرە بكرێتە سەر خاكی ئێران. بەپێی رۆژنامە ئەمریكییەكە، هێرشە درۆنییەكە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی ئیسرائیل دێت بۆ سنوورداركردنی توانای ئەتۆمی و سەربازیی ئێران. لەلایەكی دیكەشەوە هەر ئەمڕۆ رۆژنامەی (جۆرسەلیم پۆست) ئیسرائیلی بڵاوی كردبووەوە كە هێرشە درۆنییەكەی سەر ئەسفەهان، سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێناوە و بە تەواوی ئامانجی هێرشەكەی پێكاوە، بەڵام دەوڵەتی ئیسرائیل دەیەوێت لەمبارەیەوە بێدەنگی هەڵبژێرێت. ڕۆژنامەی (نیویورك تایمز)ی ئەمریكییش لە سەرچاوەیەكی ئاگەداری گواستووەتەوە كە درۆنەكانی هێرشەكەی سەر ئەسفەهانیان ئەنجام دا، لەناو خاكی ئێرانەوە هەڵساون. جێی باسە دوای تەقینەوە گەورەكەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی ئەسفەهان، دەوڵەتی ئێران رای گەیاند هێرشە درۆنییەكە هیچ زانێكی نەبووە.