دوای ئەوەی لە مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو، بڕی 75 هەزار دینار لە هەر كارمەند و مووچەخۆرێکی پاسەوانانی سنوور بڕدرا، بڕیار دراوە پارەکەیان پێ بدرێتەوە. بەپێی نووسراوێکی لیوای 3ی پاسەوانی سنوور، کە لە 26ی 1ی 2023 دەرچووە و کۆپییەکی دەست (باسنیوز) کەوتووە، تیایدا هەموو فەوجەکانی لیوایەکان ئاگادار کراونەتەوە ،لە مووچەی مانگی 1دا بڕی 30 هەزار دینار خەرج بکرێتەوە و بڕەکەی دیکەش مانگەکانی دیکە خەرج دەکرێتەوە. 9 هەزار و 468 کارمەندی پاسەوانی سنوور بڕی 75 هەزار دینار دەرماڵەی مەترسیی مانگی 12ی ساڵی 2022یان لێ بڕابوو، کە بڕەکەی 710 ملیۆن دینارە. پێشتر سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بڕینی پارەکە هۆکارەکەی کورتهێنانی بودجەی لیوای پاسەوانانی سنوورە و پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە.” لای خۆیەوە، گوتەبێژی ناوچەی 1ی پاسەوانی سنووری عێراق ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی بەهۆی خەرجکردنی پارەوە کورتهێنان لە بودجەکەماندا هەبوو، وەزارەتی دارایی داوای ئەو پارەیەی کردبوو و بڕیاری دابوو لە بودجەکە ببڕێت، بەڵام دوای وەرگرتنی رەزامەندیی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی ناوخۆ، بۆ ئەوەی کێشە بۆ مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردووی پاسەوانی سنوور دروست نەبێت، بڕیار درا هەر کارمەندێکی پاسەوانی سنوور بڕی 75 هەزار دیناری لێ ببڕدرێت، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە، ئەمە لەلایەن ئێمەوە نەکراوە، هەمووی لە بەغداوە کراوە، ئەگەر ئەوە نەکرابا، ئەوا مووچەی مانگی 1ی ئەمساڵی پاسەوانانی سنوور نەدەدرا.”
بڕەپارەیەک بۆ هەندێک لە مووچەخۆران خەرج دەکرێتەوە
