کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان: پێویستە لایەنەکان تا سێ مانگى دیکە لەسەر هەڵبژاردنەکان ڕێک کەون

گوتەبێژى کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسى لە هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، بۆ ئەوەى ئەمساڵ پڕۆسەى هەڵبژاردنەکان لە هەرێمى کوردستان بەڕێوە بچێت، پێویستە لە ماوەى سێ مانگى داهاتوودا لایەنەکان لەسەر بەڕێوەچوونى هەڵبژارنەکان ڕێک کەون. لەو بارەیەوە, شێروان زرار، گوتەبێژى کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسى بە  (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “بۆ ئامادەکاریی بەڕێوەچوونى پڕۆسەى هەڵبژاردنەکان لە هەرێمى کوردستان کە بڕیارە ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، ماوەى شەش مانگمان پێوستە، بۆ ئەو مەبەستە دەبێت لایەنەکان ڕێک کەون”. گوتیشى: “ڕێککەوتنى لایەنەکان لەسەر چۆنیەتیى شێوازى بەڕێوەچوون و کاتى بەڕێوەچوون و هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردنەکان دەبێت ئەگەر پێویستى کرد، بۆ ئەو مەبەستە دەبێت تا کۆتایى مانگى نیسانى ئەمساڵ هەموو ئەو بابەتانە یەکلایى کرابێتەوە”. شێروان زرار باسى لەوەش کرد: “هاوکات دەبێت پەرلەمانى کوردستان بابەتى کاراکردنەوەی کۆمسیۆن یەکلایی بکاتەوە و متمانەی پێ بداتەوە و لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانیشەوە، ڕۆژى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن دیارى بکرێت و بودجەیەکیش بۆ کۆمسیۆن تەرخان بکرێت بۆ ئەوەى ئامادەکارییەکانى خۆى بۆ ئەو بابەتە دەست پێ بکات”.