بڕیاری رێگەنەدان بە دەوامكردنی فەرمانبەرانی هاوسەر و كەسە یەكەمەكان لە یەك فەرمانگەدا، لەلایەن وەزارەتی داراییەوە گۆڕانكاریی تێدا دەكرێت و رێگە بە هەندێكیان دەدرێت پێكەوە دەوام بكەن. وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێك، كە لە 14ی9ی 2022 دەرچوو و (باسنیوز)یش بڵاوی كردەوە، تیایدا هاتبوو: “نابێت فەرمانبەر لەگەڵ کەسی نزیکی پلە یەکی خۆی (هاوسەر، دایک، باوک، خوشک، برا، کوڕ و کچ) لە یەک فەرمانگەی سەر بە وەزارەتی دارایی پێکەوە دەوام بکەن.” ئاماژە بەوەش کرابوو، بۆ چەند ناونیشانێک ئاساییە ئەو کەسانە لە یەک فەرمانگەش پێکەوە بن، هاتووە: “فەرمانبەرانی خزمەتگوزار (پاسەوان، پاککەرەوە، چایەچی، پۆستەبەر، باغەوان، شۆفێر) ئەگەر کەسی یەکەمیشیان لە یەک فەرمانگەدا بێت ئاساییە.” لە نوێترین نووسراویدا، وەزارەتی دارایی بۆ فەرمانگەكانی وەزارەتی دارایی روونی كردووەتەوە، كە پێداچوونەوە بەو بڕیار و گشتاندنە كراوە. بەپێی نووسراوەكە، كە لە 31ی1ی 2023 دەرچووە و كۆپییەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە، ئاماژە بەوە كراوە، پێداچوونەوە بە بڕیاری پێشوویان دەكرێت. ئاماژە بەوە كراوە: “یەكێك لەو دوو فەرمانبەرەیە باری تەندروستی رێگر بێت لە دەوامكردنیان، ئەوا پێكەوە دەتوانن دەوام بكەن، بەو مەرجەی بەپێی راپۆرتی پزیشكی ئەوە بسەلمێندرێت.” باسی ئەوەش كراوە، بەهۆكاری خێزانیی زۆر پێویست و ناچاری، رێگە دەدرێت بە دەوامكردنیان، ئەوەش هاتووە: “كەمیی میلاكی فەرمانگە و پێویستیی زۆر بەو راژەیە و پسپۆڕییان، بەتایبەت لە قەزا و ناحیەكاندا.” وەزارەتی دارایی جەختی كردووەتەوە، نابێت ئەو جۆرە فەرمانبەرانە لەو بەش و هۆبانە بن، كە راستەوخۆ پەیوەندییان بە بازنەی داراییەوە هەیە. جەختیش كراوەتەوە، ئەگەر ئەو هۆكارانە نەبن، ئەوا دەبێت بڕیار و گشتاندنی پێشوو بەتەواوی جێبەجێ بكرێت و فەرمانبەرانی (هاوسەر، دایک، باوک، خوشک، برا، کوڕ و کچ) لە یەك فەرمانگەدا نەبن. وەزارەتی دارایی بە فەرمانگەكانی دارایی راگەیاندووە، كە ئەوانەی رێگەیان پێنەدرێت پێكەوە كار بكەن، ئەوا دەتواندرێت گواستنەوەیان بۆ فەرمانگەیەكی دیكەی سەر بە وەزارەتی دارایی بۆ بكرێت. پێشتر، كە (باسنیوز) بڕیارەی دارایی بڵاو كردەوە، كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لێژنهی دارایی و كاروباری ئابووریی پەرلەمانی كوردستانیش لەسەر ئەو پرسە كۆبوونەوەی كرد. ئەڕشەد لۆلانی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “سەبارەت بە قەدەغەكردنی پێكەوە دەوامكردنی فەرمانبەرانی هاوسەر و كەسە پلە یەكەكان لە یەك فەرمانگەدا، سكاڵای زۆرمان بەدەست گەیشتووە، بۆیە ئێمە بەدواداچوونمان كرد و لێژنەمان پێك هێنا، بۆ ئەوەی كارئاسانی بۆ ئەو فەرمانبەرانە بكرێت.”