بەهۆی بوومەلەرزەكەوە 720 كەس لە ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا گیانیان لەدەست داوە

روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای كرد، ژمارەی ئەوانەی لە بوومەلەرزەكەی سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان گیانیان لەدەست داوە، بۆ 720 كەس بەرز بۆتەوە. بە گوێرەی راگەیاندراوی كەمێك لەمەوبەری ڕوانگەی سووری، 720 كەس لە تەواوی سووریا بەهۆی بوومەلەرزەكەوە گیانیان لەدەست داوە كە 340 كەسیان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سووریا و ئەوانەی دیكەش لە ناوچەكانی دیكەی ژێر دەسەڵاتی پەیەدە و هێزەكانی سەر بە توركیان.  هاوكات رەخنەی ئەوەی گرتووە كە ڕژێمی سووریا بایەخ بە رزگاركردنی خەڵكی نادات، هیچ تیمێكی فریاگوزاریش نەگەیشتۆتە شاری حەلەب بۆ ڕزگاركردنی قوربانییەكان.  هەر بەپێی راگەیاندراوەكە، پاش دووبارەبوونەوەی بوومەلەرزەكەی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، جارێكی دیكە ژمارەیەك باڵاخانە و خانوو ڕووخاون و بەم هۆیەشەوە ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە، زیادی كردووە.  روانگەی سووری دەڵێت: ”تا ئێستا هیچ هاوكارییەك لە وڵاتانی دراوسێوە نەگەیشتووە و بەهۆی نەبوونی تیمی پزیشكی و بەهاناوەچوونی خەڵك، ژمارەیەك بریندار گیانیان لەدەست داوە.“ ئەمە لە كاتێكدایە كە هەر پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تویتێكدا رای گەیاند، دامودەزگاكانی وەزارەتی تەندروستی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ هاوکاری و بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەكە راسپاردووە تاوەكوو هاوئاهەنگی له‌گه‌ڵ مانگی سوور بکەن لە هەوڵەکانی فریاگوزاری لە تورکیا و سووریا. بۆ ئەم مەبەستە، تا ئێستا 3 تیمی فریاگوزاری و 25 ئەمبولانس ئامادەن.