تا ماوەیەك ئەگەری هەیە ڕوودانی بوومەلەرزە دووبارە ببێتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) بڵاوی كردەوە كە زانایان پێشبینی دەكەن ئەو زنجیرە بوومەلەرزەی ئەمڕۆ هەردوو وڵاتی توركیا و سووریای هەژاند، تا ماوەیەك دووبارە ببنەوە. ئەو بوومەلەرزەی ئەمڕۆ بە هێزی 7.8 بە پلەی ڕێختەر چەند ناوچەیەكی توركیا و سووریای هەژاند، دواتر چەند بوومەلەرزەیەكی تری بە پلەی جیاواز بەدوادا هات، هەزاران قوربانی لە هەردوو وڵات لێ كەوتەوە. بەپێی (رۆیتەرز)، لەم ناوچەیەدا لەوەتەی ساڵی 1970ەوە، تەنها سێ جار بوومەلەرزە بە هێزی 6 پلەی ڕێختەر روویان داوە، بەڵام ساڵی 1822 بوومەلەرزەیەك بە هێزی 7 پلەی رێختەر لەم ناوچەیەدا رووی دا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی نزیكەی 20 هەزار كەس. ڕۆجەر مۆسۆن توێژەر لە دەستەی ڕووپێوی جیۆلۆجی بەریتانیا لەبارەی ئەگەری روودانی بوومەلەرزەی زیاتر لە ناوچەكەدا دەڵێ ئەوەی ئێستا دەیبینن ئەوەیە كە چالاكییەكانی زەوی بەرەو شوێنە بەتاڵەكان درێژ دەبنەوە، بۆیە پێشبینی دەكەن ڕوودانی بوومەلەرزە تا ماوەیەك بەردەوام بێت.